ئومێد خۆشناو: ئه‌مشه‌و تا 6ـی به‌یانی پێشبینی ده‌كرێت بارانی به‌خوڕ به‌رده‌وام بێت

پارێزگاری هه‌ولێر رایدەگەینێت، له‌ چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی شاری هه‌ولێر به‌هۆی بارانبارینی به‌خوڕ لافاو دروستبوو، سوپاس بۆ خوا زیانی گیانی نه‌بوو، ده‌شلێت: جه‌نابی سه‌رۆكی حكوومه‌ت به‌یانیی زوو په‌یوه‌ندیی كردووه‌ و چاودێریی دۆخه‌كه‌ ده‌كات

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ پێنجشەممە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر رایگه‌یاند، له‌ ئاكامی دروستبوونی لافاو، زیانی ماددی به‌ر هاووڵاتیان كه‌وتووه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌بووه‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئاوه‌ له‌ شه‌قامه‌كان، بووه‌ته‌ هۆكاری دروستبوونی ئاسته‌نگی هاتوچۆ بۆ هاووڵاتیان.

ئومێد خۆشناو گوتیشی: ” ئه‌مشه‌و تا 6ـی به‌یانی پێشبینی ده‌كرێت بارانی به‌خوڕ به‌رده‌وام بێت، بۆیه‌ ئێمه‌ له‌ پارێزگای هه‌ولێر ته‌واوی لایه‌نه‌كانمان خستووه‌ته‌ حاڵه‌تی ئاماده‌باشیه‌وه‌، هه‌ر كه‌سێك مه‌ترسی له‌سه‌ر دروستبوو، پێویسته‌ په‌یوه‌ندی به‌و تیمانه‌ی پارێزگا بكه‌ن، هه‌روه‌ها جه‌نابی سه‌رۆكی حكوومه‌ت به‌یانیی زوو په‌یوه‌ندیی كردووه‌ و چاودێریی دۆخه‌كه‌ ده‌كات.

پارێزگاری هه‌ولێر دەشلێ، پێویسته‌ هاووڵاتیان هه‌ماهه‌نگ و هاوكارمان بن، ئه‌گه‌ر زۆر پێویست نه‌بێت، هاتوچۆكانیان سنووردار بكه‌ن، له‌ بابه‌تی زێده‌ڕۆیی بۆسه‌ر زه‌وی ئاو و ئاوه‌ڕۆ، هیچ كه‌سێكی سه‌رپێچیكار پارێزراو نییه‌ و ئیجرائاتی تووندیان به‌رامبه‌ر ده‌كرێت.

پارێزگاری هه‌ولێر له‌باره‌ی پرسی یانه‌كانی شه‌وانه‌ گوتی: ئێمه‌ رێگه‌مان به‌هیچ لایه‌ك نه‌داوه‌ قومار له‌ هیچ شوێنێك بكرێت، مۆڵه‌ت به‌ كاری دزێویش نه‌دراوه‌ و هەر شوێنێکیش کاری نەشیاو و دزێوی تێدا بکرێت دادەخرێت و سزای تووند دەدرێت.

Back to top button