سه‌رۆكى فراكسيۆنى پارتى له‌په‌رله‌مانى عێراق: بۆمان گرنگە، هاوبەشێکی راستەقینە بین لەنێو حکومەتدا لەسەر بنەمای هاوسەنگی و سازان

سه‌رۆكى فراكسيۆنى پارتى ديموكراتى كوردستان له‌ په‌رله‌مانى عێراق رايده‌گه‌ينێت دواى يه‌كلايكردنه‌وه‌ى فه‌رمانى وه‌لائى دادگاى فيدڕاڵى پۆستى سه‌رۆككۆماريش يه‌كلايده‌بێته‌وه‌ و ئينجا پرسى سێيه‌م دێت كه‌ پێكهێنانى حكوومه‌ته‌. ده‌شلێت: بۆمان گرنگە، هاوبەشێکی راستەقینە بین لەنێو حکومەتدا لەسەر بنەمای هاوسەنگی و سازان.”

د.ڤيان سه‌برى،سه‌رۆكى فراكسيۆنى پارتى ديموكراتى كوردستان رايگه‌ياند:”  دواى يه‌كلايكردبوونه‌وه‌ى فه‌رمانى وه‌لائى دادگاى فيدڕاڵى پۆستى سه‌رۆككۆماريش يه‌كلايده‌بێته‌وه‌ و ئينجا پرسى سێيه‌م دێت كه‌ پێكهێنانى حكوومه‌ته‌،وه‌كو پارتى لايه‌نى براوه‌ين و له‌پێكهێنانى حكومه‌تى نوێ ى عێراق به‌شدار ده‌بين و چاوه‌ڕوانين وه‌كو كورد له‌ پۆسته‌ وه‌زارييه‌كان مافى خۆمان وه‌ربگرين كه‌ گرنگه‌.”

سه‌رۆكى فراكسيۆنى پارتى ديموكراتى كوردستان كه‌ بۆ رووداو قسه‌ى كرد گوتيشى:” ده‌مانه‌وێت وه‌كو كورد به‌شدارييه‌كى ڕاسته‌قينه‌مان له‌ناو حكومه‌ت هه‌بێت له‌سه‌ر بنه‌ماى ته‌وازوون و ته‌وافوق و شه‌راكه‌تى ڕاسته‌قينه‌، ”

ده‌شلێت:” وه‌ره‌قه‌يه‌كى كارمان هه‌يه‌ پێشكه‌شمان كردووه‌ و هه‌روه‌ها پرسه‌ نيشتيمانييه‌كان و بابه‌تى نه‌ته‌وه‌يى و ده‌ستوورى بۆمان گرنگه‌ ده‌بێت له‌گه‌ڵ حكومه‌ت قسه‌ بكه‌ين، له‌وانه‌ بابه‌تى مادده‌ى 140 و پێشمه‌رگه‌ و بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان و مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم و ناوچه‌ كوردستانييه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئيداره‌ى هه‌رێمى كوردستان و بابه‌تى ئه‌نجوومه‌نى ڕاژه‌ى فيدڕاڵى ئه‌گه‌ر له‌ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران هه‌موار بكه‌ينه‌وه‌،  بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێت له‌گه‌ڵ هه‌ندێك لايه‌ن پێك بێن كه‌ خاوه‌ن بڕيار بن له‌ناو په‌رله‌مان و حكومه‌ت ئه‌مه‌ش هه‌مووى بۆ ئه‌وه‌يه‌ تاوه‌كو ده‌ست كه‌وتى زياتر بۆ هه‌رێمى كوردستان به‌ده‌ست بێنين.

له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى ئايا پارتی بەتەواوەتی خۆتان یەکلاکردووەتەوە بۆ پێکهێنانی حکومەت لەگەڵ سەدر و سوننەکان؟د. ڤیان سەبری گوتى:” ئەوە روونە و تەئکیدیش دەکەمەوە، ئەو لایەنە بۆ نموونە دەرفەتێکی هەبوو لە ماوەی سێ ساڵدا، ئێمە لە 2018وە زۆرجار گوتوومانە ئێمە لەگەڵ ئەم لایەن و ئەو لایەن نین، هەمیشە هەوڵ دەدەین ئێمە ئەو پارتە بین بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان، روونیش بوو هەر کاتێک کێشەیەک دروست دەبێت دێن و لە هەرێمی کوردستان لەلای جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی هەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەوان بووە، چونکە ماڵی شیعە ماڵێکی ناکۆکە. دوو بۆ سێ لایەنی تێدایە، وەکو رەوتی سەدری، هەرچەند ئەوان براوەن خاوەنی 73 کورسین، رەنگە هەندێ لە سەربەخۆکانیشیان لەگەڵ بێت. لایەنی دیکەش هەن کە زۆر پەرت و بڵاون کە پێیان دەگوترێت چوارچێوەی هاوئاهەنگی، کە خۆیان لەنێو خۆیاندا ناکۆکییان هەیە. ئێمە پەیوەندیمان بە ناکۆکییەکانی ئەوان نییە، دیمەنەکە روونە کە چۆنە. لە پێکهێنانی حکومەتدا ئێمە بە هێزەوە بەشدار دەبین، حکومەت حکومەتی فیدراڵییە بێگومان لایەنی براوە وەکو پارتی دیموکراتی کورستان کە زۆرترین کورسیمان هەیە، کە ئێستا 31 کورسییە کە لە بنەڕەت 33 کورسییە و لەسەر ئەو پرسەش لە هەوڵەکانمان بەردەوامین، بە دڵنیاییەوە بەشدار دەبین لە پرسی پێکهێنانی حکومەت.

 

Back to top button