پۆلیسی هەولێر: بکوژەکەی شەوی رابردووى گه‌نجه‌كه‌ى عه‌نكاوه‌ دەستگیرکرا

شه‌وى ڕابردوو لە ناحییەی عەنکاوە حاڵەتێکی کوشتن ڕوویدا له‌وباره‌يه‌وه‌، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەستگیرکردنی تۆمەتباری روداوی کوشتنەکەی راگەیاند.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئه‌مرۆ شه‌ممه‌، 15-1-2022، هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند: کەسێک بە ناوی (ناسراو سوار خورشید) تەمەن 30 ساڵ کوژراوە و دوای لیکۆڵینەوە لە پۆلیسی پارێزگای هەولێر چەند تیمێک بۆ لێکۆڵێنەوەو دۆزینەوە ئەنجامدەری تاوانەکە پێکهات و توانرا لەماوەیەکی زۆر کەم بکوژەکە بەناوی (ش، و، ح) تەمەن 28 ساڵ کە ناسراوی کوژراوەکەیە دەستگیربكرێت.

باسى له‌وه‌ش كرد،” ئێستا په‌ڕاوى لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ ڕووداوه‌كه‌ كراوه‌ته‌وه‌.

هاوكات له‌به‌ياننامه‌يه‌كدا بەڕێوەبەرایەتی پـۆلیسی پارێزگای هەولێر ئه‌مرۆ شه‌ممه‌ بڵاويكرده‌وه‌:” دوێنی هەینی ڕێکەوتی (٢٠٢٢/١/١٤)، دوای ئەنجامدانی تاوانێکی کوشتن لە ناو شاری هەولێر شەقامی (١٠٠) مەتری، دەستبەجێ هێزەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر چوونە شوێنی تاوان و دەستیان بە لێکۆڵینەوەیەکی چڕ و وورد کرد لە لێکۆڵینەوەکان توانیان ناسنامەی کوژراو بدۆزنەوە کە تەمەنی (٣٠) ساڵە بەناوی (ناسراو سوار خورشید)،

له‌به‌ياننامه‌كه‌ هه‌روه‌ها هاتووه‌:” دواتر چەند تیمێک پێکهات بەمەبەستی بەدواداچوون کردن بۆ دەستگیر کردنی تۆمەتبار، لەهەمان شەودا تیمەکانمان توانیان بکوژی سەرەکی تاوانەکە دەستگیر بکەن بەناوی تۆمەتبار (ش. و. ح.)، تەمەن (٢٨) ساڵ، لەئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕێکخراوە بۆ ئەوەی ڕێڕەوی یاسایی بگیرێتەبەر و دراوەتە دادگا و بەپێی ماددە ی(٤٠٦) لە یاسای سزادان ڕاگیراوە.

Back to top button