سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق كۆبووه‌وه‌

ئەمڕۆ یەکشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مارک برایسن ریچاردسن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد .

لە کۆبوونەوەکەدا کە دەیڤد هانت کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی عێراق دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران و هەوڵەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق تاووتوێ کرا .

هەردوولا جەختیان لە گرینگیی پێکهێنانی حکوومەتێک کردەوە کە خزمەتی گشت هاووڵاتییان و پێکهاتەکانی عێراق بکات و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیش لە سەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکات.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی بابەتی کۆچبەران کرا و ئاماژە بە گرینگیی برەودان بە هەماهەنگیی نێوان دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی بەریتانیا درا، بەتایبەتی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانی ڕێکخراو و ڕێگریکردن لە کۆچکردن بە ڕێگەی نایاسایی.

چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێم و پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە بەتایبەتی لە بواری وەبەرهێناندا، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو.

Back to top button