شكووكییەت و حوسێنییە

زكری موسا

لە مانگی پێنجی 2015ـدا سەرۆكی هەرێم لەگەڵ شاندێكی باڵای كوردستان سەردانی واشینگتۆنی كرد و لەگەڵ سەرۆك ئۆباما كۆبۆیەوە. قوباد تاڵەبانی و مستەفای سەید قادر و دەرباز كۆسرەت ڕەسووڵیش لەگەڵ شاندەكە بوون. ئەم سێ كەسە یەكێتی و گۆڕان بوون و شاهیدی ئەوە بوون ك چۆن بارزانی بابەتی سەربەخۆیی خستە بەردەم سەرۆكی ئەمەریكا. وەڵامی ئۆباما ڕێزگرتن و پێزانین بوو بۆ خەباتی گەلی كوردستان و جەختی لەوە كردەوە كە ڕێگە بە خۆی نادات لەدژی داوا و مافی گەلی كوردستان بوەستێتەوە. لە 18ـی 5ـی هەمان ساڵ دوای گەڕانەوەیان بارزانی ئەنجامی سەردانەكەی بۆ سەركردە و ئەسحابی قەرار و سەرۆكی پێشووی پارلەمان و بە ئامادەبوونی سێ شاهیدەكە شی كردەوە. كۆبوونەوەكە مێژوویی و دڵخۆشكەر بوو، پەیامی سەربەخۆیی بە گوێی لایەنەكان گەییشت. دوای سی و پێنج ڕۆژ و لە ڕووداوەكانی 23ـی حوزەیرانی پارلەمان دەركەوت كە حزبەكان ئاوازێكی زۆر جیاواز لە پەیامی سەربەخۆیی دەخوێنن.
لە هەموو بۆنە و وتار و دیداری دیپلۆماسیدا زۆر بە ڕاشكاوی لەم چەند ساڵەدا بارزانی پێداگیریی لە سەربەخۆیی كردووە و ئەم تابۆیەی دەمێكە تێكشكاندووە. شكانی داعش لەسەر دەستی پێشمەرگە هێندەی دی ئیرادەی سەربەخۆیی بەهێزتر كرد.
شكووكیەت
دوای نزیكەی دوو ساڵ حزبەكان هەموو هەوڵەكانیان لەوەدا چڕ كردەوە كۆسپ بۆ پڕۆسەی سەربەخۆیی بنێنەوە. لە پارلەمان و شەقام و میدیا و بەغدا و لەڕێی پەكەكە و ناوەندە هەواڵگرییەكانی ناوچەكە بە ئاراستەی لەباربردنی سەربەخۆیی هەنگاویان نا. چەند هۆكاری سەرەكی لە پشتەوەی ئەم ڕەفتارە عەجیبەی حزبەكان بوو. پڕۆژەكە هی بارزانییە، سەركەوتنی سەربەخۆیی سەركەوتنی تاهەتایی بارزانییە. بەشێكیشیان لەڕووی فكری و سیاسییەوە گرفتیان لەگەڵ مەفهوومی دەوڵەتدا هەبوو. ژمارەیەكیان خاوەن بڕیاری سەربەخۆی سیاسیی نەبوون. ژمارەیەكیشیان بەرژەوەندییان لە مانەوەی كورد لەگەڵ عێراقی نەكبەتدایە.
ئێستا داعش لە كۆتایی نزیكە و كات لە بەرژەوەندیی بەرەی سەربەخۆییخوازدا نییە. هیچ ئومێدێكیش نییە حزبەكان دیتی ستراتیژییان بەرانبەر ئاییندەی وڵات هەبێ و بیر لەوە بكەنەوە یارمەتیی كوردستان بدەن بۆ سەربەخۆیی. هەردەم لە بەیاننامەكانیاندا سەربەخۆیی دوایین برگە پێكدەهێنێت. لایەنە سیاسییەكان و مەكینە ئیعلامییەكانیان كار لەسەر شكووكیەت دەكەن. ئەیانەوێ بڵێن سەربەخۆیی ڕاست نییە و تەنیا دروشمە، بارزانی تەنیا بۆ پەردەپۆشكردنی قەیرانی ناوخۆیی (كە خۆیشیان بەشی سەرەكیی قەیرانن) بەكار دەهێنێ.
هەڵسوڕێنەرانی كەمپێنی شكووكیەت بەم یارییە نابەجێیە زەبرێكی كوشندە لە پڕۆسەی سەربەخۆیی دەدەن. دروستكردنی گومان لای هاووڵاتیی كورد هێندەی تر كەسایەتیی ئینسانی كورد تێكدەشكێنێت و بڕوابەخۆنەبوونی نەتەوەیی تۆختر دەكات كە داگیركار لە ناخی ئێمەدا چاندوویەتی.
چیی ڕوو دەدات؟
هەڵمەتی خستنەژێرگومانی سەربەخۆیی دەنگی نەیارەكانی كورد دلێرتر دەكات. ڕۆژ نییە عەرەبێكی شیعەی فاشی پڕ بە قوڕگی بنڕێنێ كە بارزانی تەنیایە و برا كوردەكان لەگەڵیدا نییە. ئەمە ڕێگەی بە بەرپرسانی وڵاتانی ئیقلیمیش داوە كە ئازایانە دژی سەربەخۆیی گەلی كورد بدوێن و هەڕەشەی لێ بكەن.
ئەم كەمپێنە شوومه كار دەكاتە سەر ڕای وڵاتانی ڕۆژئاواییش كە بەهۆی قارەمانێتی پێشمەرگە و قوربانیدانی بێسنووری گەلی كوردستان ڕێگە بە خۆیان نادەن دژی سەربەخۆیی بدوێن.
بەدرۆخستنەوەی سەربەخۆیی ناپاكییە لە مێژوو و قوربانیدانی گەلی كوردستان. گەڕاندنەوەی میللەتی ستەمدیدەی كوردە بۆ بازنەی مایەپووچی. لە بێدەوڵەتیدا پاشكۆیی بەردەوامە. كارەبا و مووچە چارەسەر ناكرێ و فۆكۆیامایش هێندەی تر لە كورد نائومێد دەبێ. وڵاتیش تەڕاتێنی جاش و دەزگە هەواڵگرییەكان دەبێ. ئەبێ كەركووك و خانەقین بدەین بە حەشد و شنگالیش بۆ جاشحەشد. لە گەڕەكەكانی سلێمانی و هەولێر و دهۆكیش بەرپرسان حوسێینیە بكەینەوە.
ئەمە وێنەیەكی تڕاژیكە و نابێ ڕوو بدات، ئەبێ كۆتایی بەوە بێت ئەم پرسە بدرێتە دەست حزبە بەرژەوەندیخوازەكان. ئەم پرسە موڵكی تاك تاكی گەلی كوردستانە. پرسی سەربەخۆیی ئەبێ بدرێتە دەست میللەت ئەگینا مایەپووچی و پاشكۆیی ئەبەدی چاوەڕێمان دەكات.

Back to top button