پارتی لە دیپلۆماسیەت و کۆنفرانسە نێودەوڵەتیەکاندا
دانەر ئەبوبەكر
بێگومان پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان و چۆنیەتی شێوازی پراکتیزەکردنی دیپلۆماسیەت لەسەر ئاستی ووڵاتان گرینگی و شوێنی تایبەتی هەیە لە دەستیشان کردنی بەهێزی و لاوازی ئاستی دەوڵەتانی جیهان.
بە واتایەکی تر بەهێزی دیپلۆماسەت هۆکارێکی گرینگ و بەهێزی دەوڵەتە لە لایەنی ئابووری بەتایبەتی، و ژیانی کۆمەڵایەتی و خۆشگوزەرانی هاوڵاتیەکانی، بەتایبەتی لە بواری گەشت و گوزار و فەرهەم کردنی رەفایەت لە ووڵاتی بەرامبەر بە شێوەیەکی گشتی.
ئیماراتی عەرەبی و سویسرا دوو نموونەی زیندوون لەم رووەوە.
وەک ئاشکرایە کوردستان هەرێمێکە لە عێراقی فیدراڵ، بەڵام بە کۆمەڵێک دەسەڵاتی فراوان و سەرکردەی دیپلۆماسی پر لە ناو و ناوبانگ کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی مامەڵای جیاوازیان لەگەڵ دەکرێت بەدەر لە عێراقی و زۆرتر وەک کوردستانی.
پارتی دیموکراتی کوردستان وەک حزبی دایک و پارتی دەسەڵاتداری کوردستانی، تا رادەیەکیش وەک یەکێک لە پارتە بەهێزەکانی عێراقی فیدراڵ، پشکی شێری پەیوەندییە دیپلۆماسیەتیە جیهانیەکانی بەردەکەوێ، و توانیویەتی بەهێزترین پەیوەندی دیپلۆماسی لەسەر ئاستی پارتە جیهانی و دیپلۆماتان و پسپۆرانی ئاکادیمی زانستی سیاسی و ئابووری بنیاتبنێ.
بە دڵنیایەوە کاریزمای و ئەو رۆڵەی جەنابی سەرۆک مسعود بارزانی دەیگێرێ لە لەناوچەکە هەم لە دووبارە دارشتنەوەی سیستەم و ژیانی سیاسی خەڵکی لە عێراقی نوێ دا،و هەروەها دژایەتی کردن و لەناوبردنی تیرۆری نێودەوڵەتی فاکتەرێکی بەهێزن، هەمیش ئایدلۆژیا و ئەو بیر و باوەرەی پارتی لەسەری دامەزراوە، و پەیرەوی دەکات لە مامەڵە دیپلۆماسیەکاندا، لەگەڵ دروستکردنی دەیان کادرو سەرکردە بەتوانا، کە بوونەتە جێگای متمانەی دەسەڵاتداران دونیا و راگەیاندکارانی جیهانی لە بەدەستکەوتنی سەرچاوەیەکی گرینگی زانیاری راست و دروست لەسەر بارودۆخی سیاسی و ئابووری و هەتا سەربازی ئەم ناوچانە کە پێیاندا تێپەر دەبن، فاکتەرێکی تری بەهێز و فراوانی ئەم پەیوەندیانەن.
بانگهێشتکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە زۆربەی کۆنگرەی حزبی و پارتە دەسەڵاتدارەکانی ووڵاتانی جیهان و کۆنفرانسە زانستی و نێودەوڵەتیەکان بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگری ئەم لایەنەن.
نامانەوێ باس و بەراورد لە پەیوەندی حزب و لایەنە سیاسیە ناوخۆکان بکەین لەگەڵ ووڵاتان جیهان، هەرچەندە کارێکی ئاسای و گونجاوە دوو پارت یان زیاتر لە ووڵاتانی جیاواز پەیوەندی سیاسی لە نێوانیاندا هەبێ، بەمەرجێک پێچەوانەی سیاسەتی حکومەتی ووڵاتەکەی نەبێ و لەسەر هەمان ئاراستە و شێواز سیاسەتی حکومەت دابرێژرێن، ئەمەش زیاتر بۆ نیشاندانی روئیاێکی جوانی مومارەسەی سیاسەت کردنە بە شێوەیەکی زانستیانە، و دواتریش بەهێزکردنی سەنگی ووڵاتەکەمانە بە رووی ووڵاتانی دەرەوەدا. هەر هەوڵێکی پێچەوانە کاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر ناو و ناوبانگی هەرێمی کوردستان، وەک ئەوەی لەماوەکانی رابردوودا لە رووسیا روویدا و دەنگدانەوەیەکی یەکجار خراپی هێنا ئاراوە لە ناو رۆشنبیران و سیاسەتمەدارانی رووسیا، سەبارەت بە تاوەنبارکردنی کوردستان لە مامەڵەی بازرگانی کردن لەگەڵ رێکخراوی تیرۆرستی داعش.
زۆرجار پەیوەندییە حزبیەکان هۆکارێکی باش بوون لە بنیاتنانی پەیوەندێکی سەرەتای گرینگ لە نێوان کوردستان و ووڵاتانی دونیادا،ئەویش زیاتر بەهۆی نەبوونی دەوڵەتی کوردستانی و حکومەتێکی یەکگرتووی کوردیەوە بووە زیاتر، هەر بۆیە ناچار بووین لە رێگای نوێنەرایەتی حزبەکان سەنتەری دامەزراندنی سەرەتاێکی باشی پەیوەندییە دیپلۆماسیەکانمان بوون.
ئەگەر چی پارتی خاوەنی زۆر ترین پەیوەندی دیپلۆماسی و ئابوورییە لەگەڵ ووڵاتانی عەرەبی و ئۆرۆپاش تا رادەیەکی باش، بە تایبەتی لەگەڵ ئەحزاب و لایەنە سیاسیەکان و کەسایەتیە جیهانیەکان، بەڵام دەرفەتی ئەوەمان نییە لەم ووتارەدا سەرجەمیان بخەینە روو و بەراوردیان بکەین، بۆیە بەلایەنی کەم دەتوانین باسی لە پەیوەندی پارتی و ئەحزاب و لایەنە سیاسیەکانی ووڵاتی رووسیا بکەین. سەرەتا با ئەم پرسیارە بخەینە روو کە بۆچی هەمیشە پارتی دیموکراتی کوردستان وەک تاکە حزبی کوردی و عێراقی و زۆرجاریش لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەراست وەک تاک حزب بانگهێشتی کۆنگرە و کۆر و کۆبونەوە و کۆنفرانسە جیهانیەکان و رووسیاش بەتایبەتی دەکرێت؟ هەر لەماوەی چەند ساڵی رابردوو بەشداری چەندین کۆنگرەو کۆنفرانسی زانستی سیاسی نێودەوڵەتی کردووە لە ناو خاکی رووسیادا، دیارترینیان کۆنفرانسی زانستی ڤاڵدای بوو لە ۲۷_۲۸. ۲٠۱۷ لەسەر ئاستێکی باڵا.
گرینگی کۆنفرانسی ڤاڵدای بۆ کوردستان بەرادەیەک بەیاخدارە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە دووبارە چاوخشاندنەوە بە پەیوەندی دیپلۆماسی و ئابووری و سەربازی لەگەڵ ووڵاتانی جیهان پشت بە راپۆرت و دەرکردەکانی ئەم کۆنفراسە دەبەستێ ، ئەمە جگە لەوەی دەبنە سەرچاوەیەکی گرینگی دەزگا ئەمنی و توێژینەوەی زانستی و ئاکادیمی زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ قوتابیان و نەوەی دوارۆژی جیهانی دیپلۆماسی، کە بە لایەنێکی زۆر گرینگی پرۆژەی دیپلۆماسی داهاتوو و جیۆپەلیتیکی دەوڵەتان دەدەندرێت.
گرینگترین فاکتەر بۆ گێران رۆڵی بەهێز لە بنیاتنانی پەیوەندی دیپلۆماسی لە نێوان دوو دیپلۆماتی جیاوازی ووڵاتان، بە دڵنیایەوە هەبوونی زانیاری گشتی و زانینی زمانێکی باش و پاراوی بەرامبەرەکەتە یاخود زمانی هاوبەش لە گەیاندی زۆرترین زانیاری رامیاری و ئابووری بە بەرامبەرەکەت. ئەوەی تێبینیش دەکرێت لەم رووە کادر و دیپلۆماتانی پارتی تارادەیەکی باش سەرکەوتوو بوون لەم رووەوە.
ئەمرۆ ئەوەی لە جیهانی دیپلۆماسیەتی کوردی دا دەبیندرێت تەنیا کارو بۆچوونەکانی پارتی بەم جۆرە ئاراستە کراون و دەردەکەون وەک پشتگیرێکی بەهێزی سیاسەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستاندا رەنگیان داوەتەوە.
هەمیشە لە کۆرو کۆنفرانسە زانستی و نەتەوەییە نێودەوڵەتیەکاندا پارتی وەک کورد و پشتگیری سیاسەتی راستەقینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی پێناسە کردووە و کاری کردووە بۆ گەیاندنی ئەم راستیانە، تا رادەیەکی باشیش سەرکەوتوو بووە و بۆتە جێگای سیقە و پربایەخی پارت و دیپلۆماتی ووڵاتانی جیاواز، بانگهێشتکرد و بەشداری پێکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆرو کۆنفراسە حزبی و نێودەوڵەتیەکاندا بەڵگەیەکی بەهێزن لەم رووەوە.