بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان لە دیوی تورکیا تەقییەوە

کۆمپانیای بۆتاش کە کۆمپانیای سەرەکی بۆرییەکانی تورکیایە و بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانی بۆ بەندەری جەیهان داخستووە دوای ئەوەی تەقینەوەیەک لە نزیک پارێزگای کاهرەمانمارس روویداوە.
کۆمپانیای بۆتاش لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، دوای تەقینەوەکە ئاگر کەوتووەتەوە ستافی ئاگرکوژێنەوە بەرێکراون بۆ شوێنی تەقینەوەکە بۆ ئەوەی ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن.
هۆکاری تەقینەوەی بۆڕی نەوتی هەرێمی کوردستان لە دیوی تورکیا بەپێی کۆمپانیای بۆتاش دیارنییە.
تەقینەوەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان کە درێژاییەکەی 511 کیلۆمتەرە دوایین رووداوە لە پچڕانی خستنەڕووی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکان و نرخەکانی نەوتی بەرزکردەوە بۆ نزیکەی 90 دۆلار.
بەرەبەیانی رۆژی چواوشەممە نرخی نەوتی برێنت 1 دۆلار و 30 سەنتی دیکە بەرزبووەوە بە 88 دۆلار و 81 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. کاژێر 5 ی بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە نرخی نەوت تەنانەت نزیکبووەوە لە 89 دۆلار و 5 سەنت. ئەوەش بەرزترین ئاستی نرخی نەوتی برینتە لە مانگی 10 ی ساڵی 2014 بە دواوە.
بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان نەوتی بەرهەمهاتوو لە هەرێمی کوردستان و بەشێک لە نەوتی کەرکووکیش کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەڕێوەدەبرێت دەگوازێتەوە.
لەڕێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە مانگانە نزیکەی 10 ملیۆن بەرمیل هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێت.
س: رووداو
Back to top button