ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی كێشه‌ی دانیشتنی یەکەمی په‌رله‌مانی عێراق یه‌كلا ده‌كاته‌وه
ئەمڕۆ چوارشه‌ممه 19ـی كانوونی دووه‌م / یه‌نایه‌ری 2022، وا پێویست ده‌كات دادگای فیدراڵی مه‌سه‌له‌ی تانه و هه‌ڵپه‌ساردنی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق یه‌كلایی بكاته‌وه، ده‌سه‌ڵاته‌كانی پێبداته‌وه.
ڤیان ده‌خیل، گوته‌بێژی فراكسیۆنی پارتی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، به كوردستان 24ـی راگه‌یاندووە، ئه‌گه‌ر ئەمڕۆ دادگای فیدڕاڵی هه‌رچ بڕیارێك ده‌ربكات، هیچ له بابه‌ته‌كه و دانانی پۆسته‌كانی ناو په‌رله‌مان ناگۆڕێت، واته دادگای فیدڕاڵی ناتوانێت ئاراسته سیاسییه‌كان بگۆڕێت، ته‌نیا بوارێك بوو به‌و كه‌سانه تانه پێشكه‌ش به دادگا بكه‌ن.
ڤیان ده‌خیل راشیگه‌یاند، رۆژی 8ـی شوبات بڕیار وایه ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی پرسی سه‌رۆك كۆمار دابنیشێت، كه ده‌بێته دووه‌مین دانیشتنی په‌رله‌مانی عێراق.
ده‌خیل روونیكرده‌وه، هه‌ر سێ هێزی سه‌ره‌كی له په‌رله‌مانی عێراقی (پارتی دیموكراتی كوردستان، ته‌قه‌دووم و ره‌وته‌كه‌ی سه‌در) پرسه‌كانیان یه‌كلایی كردووه‌ته‌وه، لایه‌نه سیاسییه‌كانی شیعه، به‌تایبه‌ت هه‌ماهه‌نگی، ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و سێ هێزه رێك بكه‌ون، جوڵه‌كانی هادی عامری چوونی بۆ نه‌جه‌ف و پاشان هه‌ولێر، بۆ ئه‌وه بوو هه‌وڵ بده‌ن بێنه ناو بازنه‌كه.
گوته‌بێژی فراكسیۆنی پارتی گوتی: “وه‌ك پارتی هیچ خۆپارێزیمان نه‌بووه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر هاوپه‌یمانێتییه‌ك بێته ناو حكومه‌تی داهاتووی عێراق، لای پارتی ئه‌وه گرنگه مافه‌كانی ده‌ستووری و مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان دابین بكرێن، له هه‌مان كاتدا بۆ ئێمه خۆش بوو له به‌غدا ماڵی كوردییش یه‌ك بان”.