28 هەزار برینداری شەڕی موسڵ لە نەخۆشخانەكانی هەولێر چارەسەریان بۆ كراوە

خواكوڕك
لە دەستپێكی ئۆپراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ لە 17ی تشرینی یەكەمی 2016 تا ئێستا نزیكەی (28) بیست و هەشت هەزار قوربانی شەڕی داعش و دەرئەنجام ئاسەوارەكانی لەموسڵ و ناوچە ڕزگار كراوەكانی دەوروبەری گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەكانی هەولێر و چارەسەریان بۆ كراوە .
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوێكی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر كە ئاماژەی داوە لە میانی ئەم ژمارەیە نزیكەی (14 ) هەزار برینداری مەدەنی و سەربازی هەن كە ڕاستەوخۆ لە ئەنجامی پێكدادانی سەربازی بریندار بوونە ، نزیك بە هەمان ژمارەیش نەخۆشی مەدەنین كە تووشی نەخۆشی جیاجیا بوون ، بە هۆی نەمانی خزمەتگوزاری پزیشكی لە موسڵ و دەوروبەری ، گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەكانی هەولێر و پێداویستی پزیشكیان وەرگرتووە .
هەر بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەكەی بەڕیوبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر ئاشكرایشی كردووە ، كە بریندارە مەدەنییەكان زیاتر بە هۆی گوللەی هاوەن و تەقینەوە بریندار بوون ، بە تایبەتی لە ڕۆژانی كۆنتڕۆڵكردنەوەی گەڕەكەكانی بەری چەپی موسڵ ، شەڕی موسڵ كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر نەخۆشخانەكانی هەولێر هەیە و بووتە هۆی كەمبونەوەی دەرمان و پێداویستی پزیشكی لە نەخۆشخانەكان .

Back to top button