یازده‌ بەڕێوەبەرى نوێى شارەوانییەکان دەست بەکاربوون

لە هەولێر 11 بەڕێوەبەری نوێی شارەوانی دەست بەکار بوون و پارێزگاریش رێنوێنییان دەکات.

ئەمڕۆش پێنجشەممە 2022.1.20، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر لە دیوانى پارێزگا، لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵیان وێڕاى پیرۆزبایی بەبۆنەى دەست بەکاربوونیان هیواى سەرکەوتنى بۆ خواستن و چەند ڕێنمایی و ڕێنوێنیەکى پێشکەشکردن.

لەکۆبوونەوەکەدا کە هەریەک لە هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانى پارێزگار و قائیمقامى ناوەند و سەرۆکى شارەوانى هەولێر و بەڕێوەبەرى گشتیی شارەوانییەکان و یاریدەرى پارێزگار ئامادەی بوون، پارێزگارى هەولێر تەئکیدى لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەولەویەتى کارى ئێوە لە دام و دەزگایەکى خزمەتگوزارى بەشێوەیەکى گشتیى خزمەتکردنى هاوڵاتییانە بەیەکسانى، بۆیە دەبێت لەئاست ئەو بەرپرسیاریەتییە گەورەیەدابن و لەبەرامبەر ئەو ئەرکەى پێتان سپێردراوە هەرچی لەتوانادا هەیە ئەنجامیبدەن بۆ ڕێزگرتن لە هاوڵاتییان و ڕایککردنى مامەڵەکانیان و کەمکردنەوەى ڕۆتین لەبەڕێوەبەرایەتیەکانتان.

Back to top button