سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له باڵيۆزى پاكستان كرد
نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه پێشوازى له ئه‌حمه‌د ئه‌مجه‌د عه‌لى باڵيۆزى پاكستان له عێراق كرد.
له ديدارێكدا خواستى هاوبه‌ش بۆ بره‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ پاكستان به‌تايبه‌تى له بوارى بازرگانى، په‌روه‌رده‌يى و زانكۆييدا، ده‌رفه‌تى كار و سه‌رمايه‌گوزارى بۆ وه‌به‌رهێنه‌رانى پاكستانى له عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دۆخى ڕه‌وه‌ند و ده‌ستى كارى پاكستانى له عێراق و هه‌رێمى كوردستان كه له زۆر بوارى جيادا كار ده‌كه‌ن، تاوتوێ كران.
باڵيۆزى پاكستان دووپاتى كرده‌وه كه وڵاته‌كه‌ى به بايه‌خه‌وه له په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت و بوارێكى باشى هاوكارى و چالاكيى بازرگانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستاندا هه‌يه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش نيازى وڵاته‌كه‌ى به كردنه‌وه‌ى كونسوڵخانهيهك له هه‌ولێر نيشان دا و باسى له ده‌رفه‌تى هه‌بوونى گه‌شتيى ڕاسته‌وخۆى ئاسمانى له‌نێوان پاكستان و هه‌رێمى كوردستاندا كرد.
لاى خۆيه‌وه سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، ئاماده‌يى و خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ بره‌ودانى زياتر به په‌يوه‌ندييه‌كان دووپات كرده‌وه و ئاماژه‌ى به ده‌رفه‌تى سه‌رمايه‌گوزارى و وهبهرهێنانيى پاكستانى له هه‌رێمى كوردستان كرد.