مستەفا کازمی لەبارەی هێرشی سەر نووسینگەی شاخەوان عەبدوڵا هاتە دەنگ
دوایی ئەوەی ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە چەند كەسێكی نەناسراو بە ئۆتۆمبێلێكەوە بۆمبێكی دەستیان هەڵدایە ناو نووسینگەی شاخەوان عەبدوڵاجێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە گەڕەكی رەحیماوەی كەركووك و تەنیا زیانی مایەكی لێ كەوتەوە، هێرشەكە لەلایەن زۆرینەی هێزە سیاسییەكانی عێراقەوە سەركۆنە كرا، لەوانەیش لەلایەن بارەگای بارزانی و مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق.
بەپێی بەیاننامەیەکی نووسینگەی راگەیاندنی مستەفا كازمی، ئەمڕۆ پێنج شەممە شاخەوان عەبدوڵا پێوەندییەكی تەلەفۆنی لە مستەفا كازمییەوە پێ گەیشتووە، ئەو بەتوندی هێرشەكەی سەر نووسینگەی عەبدوڵای سەركۆنە كرد و داوایشی لە هێزە تەناهییەكان كرد راوەدووی ئەنجامدەرانی هێرشەكە بنێن، رێگریش لە دووبارەبوونەوەی ئەو كارە تیرۆریستییە ترسنۆكانە بكەن.
كازمی دووپاتی لە پاڵپشتیكردنی دامەزراوەی یاسادانانی عێراق كردەوە لە بەجێگەیاندنی ئەركەكانیان و دەركردنی یاسای پێویست بۆ قۆناعی داهاتوو بەو شێوەی لەگەڵ خواستی گەلی عێراق و تەحەدایەكانی هەن بگونجێت.
لای خۆیەوە شاخەوان عەبدوڵا سوپاسی مستەفا كازمی كرد و دووپاتی كردەوە هێرشەكە سووربوونمان زیاتر دەكات بۆ بەجێگەیاندنی ئەركە نیشتمانییەكانمان، بۆیە لە كاركردن لەناو پەرلەمان بۆ خزمەتكردنی گەلەمان بەردەوام دەبین.