وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌: مەترسیی لەسەر داڕمانی تونێلی ماوەران نییە

له‌ روونكردنه‌وه‌يه‌كدا وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نيشته‌جێكردنى هه‌رێمى كوردستان له‌باره‌ى داڕمانی تونێلی ماوەران، دەڵێت، بەدواداچوونی تەکنیکی کراوە و مەترسی داڕمانی نییە.

له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا كه‌ ئه‌مرۆ هه‌ينى 21-1-2022، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان بڵاويكردۆته‌وه‌ و تێدا هاتووه‌  ڕایگەیاند: ماوەیەکە لە هەندێک سایت و کەناڵى ڕاگەیاندن هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە گوایە تونێلى ماوەران لە نزیک قەزاى شەقڵاوە درزێکى لێ دروستبووە، لێرەوە ڕایدەگەیەنین دواى ئەوەى بەدواداچوونى تەکنیکى کرا بۆ بابەتەکە ، بابەتەکە بەو شێوازەنییە کە باسکراوە.

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ڕاشیگەیاند: تونێلی ماوەران کە بڕگەیەکە لە پڕۆژەی دروستکردنی جووت سایدی کۆڕێ- شەقڵاوە- قەندیل، بە درێژی 935م پێک هاتووە لە 2 سایدی چوون و هاتنەوە، گشت بڕگەکانی شارستانی لەناو تونێڵەکە تەواو بووە، ئەوەی کە ماوە تەنها بڕگەکانی ئیلیکترۆمیکانیکی و کارەبایی ناوەوە ماوە، دیواری دەرەوەی تونێڵەکە بە چینی BRC و Shotcrete ڕووکەش کراوە بۆ پاراستنی ڕێگەکە لە ئەگەری کەوتنە خوارەوەی خۆڵ و بەردی سەرەوە.

له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌، ئەوەشی خستۆتەڕوو “ئێستاش کۆمەڵێک گیروگرفت دروستبووە لە پۆڕتاڵی دیواری دەرەوە، وەکو کەوتنی چەند شوێنێک لە لاشانەکان یاخود بوونی چەند درزێک لە دیوارەکە ئەویش تەنها چینی ڕووپۆشی دیوارەکەی دەرەوەیە و هیچ پەیوەندییەکی بە خودی تونێلەکەوە نییە کە ئەو کەموکوڕیانەی دروستبوون لە ئەنجامی ڕاوەستان و کارنەکردن لە پڕۆژەکەدا کە ماوەی 6 ساڵە ڕاوەستاوە لەبەر قەیرانی دارایی و خەرجنەکردنی شایستە داراییەکانی بەڵێندەر“.

ڕوونیشی کردەوە “پارساڵ لەسەر داوای هاتووچۆی هەولێر و لەسەر فەرمانی پارێزگای هەولێر بە مەبەستی کەمکردنەوەی بەشێک لە ترافیکی سەر قەزای شەقڵاوە بەتایبەتی ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی کە خەڵک بۆ گەشت سەردانی ناوچەکانی سەرەوەیان دەکرد ئەم ڕێگەیە کرایەوە، هەرچەندە ڕێگەکە و تونێڵەکە تەواو نەکراون و پڕۆژەکە وەستاوە و هاتووچۆ پێیدا پەسەند و گونجاو نییە.

له‌ كۆتايى روونكردنه‌وه‌ى وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن هاتووه‌:” پڕۆژەکە بە گشتی لە 86٪ی گشت کارەکان تەواو بووە، هەروەها بەرپرسیاریەتی پڕۆژەکە لە تەواوکردن و چاککردنەوەی هەر کەموکوڕیەک لە ئەستۆی کۆمپانیای جێبەجێکارە لە داهاتوودا.

Back to top button