رۆژمێری راپه‌ڕێنه‌ مه‌زنه‌كه‌ی هه‌ولێر و رووداوه‌كانی دواتر

خواكوڕك

ڕاپەڕینی ١٩٩١ یان ڕاپەڕینە مەزنەکە ناسراو بە ڕاپەڕین بریتیی بوو لە ڕاپەڕینێکی جەماوەریی خەڵکی باشووری کوردستان لەدژی ڕژێمی بەعس بەپاڵپشتی ھێزە چەکدارەکانی بەرەی کوردستانی کە ئەوکات یاخیی بوو لەڕژێم و لەچیاکانی کوردستاندا دژ بەڕژێم ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنجام دەدا.

ئەگەرچی ڕاپەڕین لە ٥ی ئازاری ١٩٩١ لە ڕانیەوە، کە ناسراوە بە دەروازەی ڕاپەڕین، دەستی پێ کرد بەڵام لە ٣ی ئازاری ١٩٩١دا بۆ یەکەم جار وەکو دەستپێکی راپەرین لە ئۆردوگای خەباتی ھەولێر شەڕێک لە نێوان پشدەرییەکان و بنکەی پۆلیس ڕویدا، دەرەنجام ھەڵیان کوتایە سەر پۆلیس و دەستیان بەسەردا گرت. رژێم ھێرشی کردنە سەر و سەرکووتی کردن و محمد فاروق و بەخیاری لێ کوشتن و دوو کەسیشی لێ زامدارکردن، دووکەسیش لە چەکدارانی ھەرکی شه‌هید و یەکێکیش لە رژێم کوژرا.

بەڵام لە ٥ی ئازاری ١٩٩١دا ڕاپەرینی گەلی کورد لە شاری ڕانیە لە کاتژمێر ٩ی سەرلەبەیانی بە فەرمی دەستی پێ کرد، لە ھەموولا داڕژانە سەر کوچە و کۆلان و شەقامەکان، لە ڕادیۆکان و بڵندگۆی مزگەوتەکان خەڵکیان ھاندا بۆ ڕاپەڕین. پاشان جەماوەر ھەڵیان کوتایە سەر دام ودەزگاکانی حکوومەت، بۆ سەعات ٣ ی سەرلەئێوارە سەرجەم ڕانیە لە ڕژێم پاک کرایەوە، ھەمان ڕۆژ چوارقووڕنە و حاجیاوا و دەشتی بتوێن و سەربازگەی سەرکەپکان ئازاد کران جگە لە تیپی ٤٤ی چواڕقووڕنە ٥٠ کەس لە رژێم و ١٠ کەسیش لە ھاولاتیان شه‌هیدبوون، ژمارەیەکی زۆر لە ڕژێم گیران، بۆیە ئەمڕۆژە لە مێژووی کورد بە رۆژی ڕاپەرین و ڕانیەش بە دەروازەی ڕاپەڕین دادەنرێت، ئەگەرچی لەلایەن لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بڕیار بوو ٧ی ئازار دەست بەراپەرین بکرێت، وەلێ جەماوەر زوو گڕی گرت و ڕاپەرینی بەرپاکرد.

لە ٩ی ئازاری ١٩٩١دا جەماوەری شاری شەقڵاوە و کۆیەش ڕاپەڕین، ئەگەر چی سوپایەکی زۆر لە ھەیبەت سووڵتان ھەبوو و لە ٨ی ئازاردا چەند لیوایەکی زرێپۆشی زیادی ھێنایە ئەوێ و لەھەوا و لەزەمین بەرگریەکی باشییان لە خۆکرد، بەڵام لەبەر ئەوەی ناو کۆیە ئازاد کرا، دواتر لەھەموو لا ھەیبەت سوڵتان دەورەدرا و کۆنتڕۆڵ کرا و سوپاکەی گیران. وێڕای ئەوەی کەناوچەی شەقڵاوەش ئازاد کراو، بۆ ئێوارەش کاتژمێر ٤ی سەرلەئێوارە لە ئۆردوگای زۆرەملێی باسرمە ھەڵیان کوتایە سەر بنکەی پۆلیس و ئەوێش بۆ بەیانی پاککرایەوە. لە لایەکی ترەوە لەلای کفری ڕاپەرین لە ھەمان ڕۆژ سەری ھەڵدا کە بوە ھۆی ئازادکردنی کفری و باوەنور و بەرزاییەکانی.

لە ١٠ی ئازاری ١٩٩١، جەماوەری مەسیف و تەقتەق و ڕەواندوز قەرەھەنجیر و ئاغجەلەر و ھەریر و باتاس و خەلیفان و سپیلک و سۆران و چۆمان و حاجی ئۆمەران و مێرگەسوور و سەرجەم ئەو ناوچانە ڕاپەڕین و لەچەند کاتژمێرێکدا ئازادیان کردن، بەجۆرێ کاتژمێر ١ی دوای نیوەڕۆی ئەو ڕۆژە سەرەتا کۆڕێ گیراو پاشان مەسیف ئازادکرا و لەسەعات ١٢ی نیوەڕۆ ھەریر و باتاس ڕاپەڕین و سپیلک و دۆلی بیاو و بێخمە ئازاد کران، لەکۆیە لەھەمان ڕۆژ جەماوەر و پێشمەرگە بەرەو تەق تەق پێشڕەوی کرد و خەلکی ئەوێش لەم ڕۆژەدا راپەڕین و ئازادیان کرد، ھەر ئەورۆژەش ئۆردوگای بەستۆرەش ئازاد کرا، کەبەدەیان کەس لەوناوچانە لەپیاوانی ڕژێم کوژران و چەندان پێشمەرگە و ھاوڵاتیانیش شەھید بوون، بۆ وێنە لە شەقلاوە ٣ پێشمەرگە شه‌هید بوون.

لە ١١ی ئازاری ١٩٩١دا، جەماوەری شاری ھەولێر ھەر لە سپێدەی بەیانییەوە لەگەڕەکەکانی “شۆڕش” و “مەلایان” و “برایەتیی سەرەوە” خلۆر بوونەوە خوارەوە بەرەو بارەگاکانی ڕژێم و لەکاتژمێر ٩ی بەیانی سەرجەم جەماوەر و گەڕەکەکان ڕژانە سەر شەقام و کوچە و کۆڵانەکان و بەیەک دەست دا ڕژانە سەر سەرجەم بارەگا و دام و دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی ڕژێم، نەخاسمە دائیرەی ئەمن و جەیشی شەعبی و ئەمنی تەواری و مەنزومەی شیمالی و بنکەکانی پۆلیس و ھتد.

تا ئێوارە سەرجەم ئەو بارەگایانە کۆنتڕۆل کران، تەنھا لەدایەرەی ئەمن و مەنزومەی شیمالی بەرگریەکی سەخت یان کرد، بۆیە کوژراوێکی زۆریان لێکەوت و ھەندێک لەوانەی لەوێ گیران لەلایەن خەشمی جەماوەر گوللە باران کران. ھاوکات لەھەمان ڕۆژ راپەرین لەسەرجەم ئۆردوگاو ناوچەکانی دەوربەری ھەولێریش گڕی گرتبوو، بۆ وێنە لەلای سەرەوە ھێزی پێشمەرگە و جەماوەر پێ بە پێ لە دێگەڵە ڕا پێداھات کەھەموو بان و بەزراییەکانی سوپا و پادگاکانی رژێمی پاککردەوە تادەگاتە کەسنەزان، بۆیە کەسنەزان و بنەسڵاوە بەبێ شەڕ تەسلیم بوون و لەدارەتووش بەنیو کاژێر ناوەندی پۆلیس گیرا.

ئۆردوگاکانی قوشتەپە و شاوێس و پیرزین و مەلا ئۆمەریش ھەر زوو ئازاد کران، پاشان ھاوکات ئۆردوگاکانی جدیدەو تۆبزاواش ڕاپەڕین و دوای چەند کاتژمێرێک شەڕ ئازاد کران بەخوێنی چەند ھاووڵاتییەک و کوژرانی زۆرێک لەپیاوانی ڕژێم و لەھەمان کاتدا ئۆردوگای خەبات ھەڵیان کوتایە سەر بازگەی ئاسکی کەلەک و ھەر زوو کۆنتڕۆلی کرد و دواتر ئۆردوگاکانی کەورگۆسک و بەحرکە و بەرحوشتر. پشتاوبوون بێ شەڕ ئازادکران و سوپای ناوچەکە خۆیان بەدەستەوە دا.

ئێوارەی ھەمان ڕۆژ فەیلەقی ٥ی سەربازگەی ھەولێر کۆنتڕۆل کرا. بۆبەیانیی ١٢ی ئازار پادگاکانی سەر بەرزاییەکانی ڕەشکین و کانی قڕژالە و ڕێی گوێر و مەخموور گیران و خۆیان تەسلیمی گەل کرد و بەدەیان ھەزار سەربازیش لەوانەی پارێزگاری ھەولێر و سەربازگەکانی سەر و کەشۆڕ دەبونەوە وبەرەو موسڵ و کەرکوک دەچوون بێ ئەوەی لەلایەن خەڵک و پێشمەرگە بگیرێن و بکوژرێن بەلکو نان دەدران.

لە ١٢ی ئازاری ١٩٩١دا، جەماوەری جەلەولا ڕاپەرین تا ئێوارە ناو شاری جەلەولا و دەوروبەریان ئازاد کرد. بەڵام دواتر ڕژێم لەھەوا و لەزەمین بەچەکی قوورس تۆپبارانی کردن، بۆیە چەندان ھاولاتی لەوێ شەھید بوون و ڕژێمیش زیانێکی زۆری ماددی و مەعنەویی لێکەوت. لەلایەکی ترەوە ھەر ھەمان ڕۆژ ناحیەی مەخمووریش لەخواروی ھەولێر ئازاد کرا و لەڕێگای مووسڵیش لافاوی جەماوەر لەزێی کەلەک پەڕیەوە بادینان. بۆیە ھەر ئەو ڕۆژە ئاکرێ و ناحیەی بجیل و سورچیایەتی و بەردەرەش و دینارته‌ی زێبار تادەگاتە شێخان و سەرزێی خازر ئازادکران و ھەمان ڕۆژیش خانەقین ئازاد کرا.

لە ١٣ی ئازاری ١٩٩١دا، لەوسەری سنوورەوە جەماوەری زاخۆ و دەروبەری ڕاپەڕین. سەرەنجام ناو شاری زاخۆ و کۆمەڵگای ھیزاوە و دەرکار عەجەم ئازاد کران و راپەرین گەیشتە دەشتی سلێڤان و چیای بێ خێر و ژوێ ھاتنە ئازاد کرن و پشتی ھەنگی رەخێ سۆرا لەسنووری کەرکوک شارۆچکەی پردێ ئازاد کرا و لەگەرمیانیش کەلار و ناحیەی جەبارە و کوڵەجۆ ئازاد کران.

لە ١٤ی ئازاری ١٩٩١دا، لەگەل گەردی بەیانی جەماوەری دھۆک لەگەڕەکی بەرۆشکێی لای سەرەوە سەریان ھەڵدا و بەتێکڕا دەوری دائیرەی ئەمن و ئیستخبارات و پۆلیس و ئالیات و لیواو فرقەی حزبی ـیان دا و ھێرشیان کردە سەر؛ تا نیوەڕۆ ھەموویان گیران. جگە لەئەمنخانە نەبێ کەشەڕی مان و نەمانیان کرد، بۆیە زۆربەیان کوژران، دواتر لیواکەش تەسلیم بوو، بەمەیش ناوچەکانی زاوێتە و مانگێش و باگێرا و سەرسەنگ و ئەنیشک و بامەڕنێ و دێرەلوک و ئامێدی و سیریێ و شێلادزێ و باتوفە و بێ گۆڤا و ھتد. پشتاوپشت بوون، بۆ ڕۆژانی دواتر دوینا میکییەن ناوچەکانیتر کۆنتڕۆل کران تا دەگاتە کانی ماسی و ناوچەی بەروای بالا و ریِکان بۆیە پایەگاکانی سەر چیاکانی گاراومەتین و چیای شیرین و چیای فاتێ و چیای بارزان و چیای بامەڕنێ بۆ خۆیان تەسلیم بوون.

سه‌رچاوه‌/ وكیپێدیا

Back to top button