دواین زانیاری لەبارەی كۆبوونەوەی بارزانی لەگەڵ شاندی ناوەندی دیالۆگی ڕافیدەین

خواكورك
ڕۆژی شەممە 11ـی 3ـی 2017  (مەسعود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە گەڵ شاندێكی ناوەندی دیالۆگی ڕافیدەین كۆبۆوە كە پێكهاتبوو لە ژمارەیەك كەسایەتی و نوخبەی سیاسی و فەرهەنگی و پارلەمانتار و نووسەر و میدیاكاری عێراقی”.
لەو كۆبوونەوەیەدا كە بە مەبەستی ڕاگۆڕینەوە و ئاراستەكردنی پرسیار و پێشنیار لەبارەی ئاییندەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق و سەربەخۆیی كوردستان سازدرابوو، سەرۆك بارزانی لە وتەیەكدا ئاماژەی بە مێژووی گەلی كوردستان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و نەهامەتی و قوربانیدانی كورستاندا و ئەوەی خستەڕوو كە دەوڵەتی عێراق لەسەر بنەمای شەراكەتی كورد و عەرەب و ڕەچاوكردنی مافی پێكهاتەكانی دیكە دامەزرا بەڵام بەشی گەلی كوردستان لەو شەراكەتە 4500 گوندی وێران و سەدوهەشتاودوو هەزار ئەنفال و بێسەروشوێنبوونی دوازدەهەزار گەنجی فەیلی و هەشتهەزار بارزانی و كیمیابارانكردنی كوردستان بوو. لەگەڵ هەموو ئەوانەیشدا گەلی كوردستان لە شۆڕشی ئەیلوول و قۆناغەكانی تری خەباتیدا یەك جاریش پەنای بۆ تەقاندنەوە و كردەی دژی خەڵكی سڤیل نەبرد. هەروەها لە ڕاپەڕینی 1991ـیشدا لەپێناو كردنەوەی لاپەڕەیەكی نوێ لەگەڵ دەوڵەتی عێراق گەلی كوردستان دەستی بۆ تۆڵەسەندنەوە نەبرد.
لەدرێژەی وتەكەیدا سەرۆك بارزانی باسی لە قۆناغی دوای ڕووخانی بەعس كرد و هێمای بە هەوڵەكانی خۆی و جەنابی مام جەلالدا لەپێناو یارمەتیدانی لایەنەكانی عێراق بۆ نووسینەوەی دەستوور و پێكهێنانی عێراقێكی دیموكرات و فیدڕاڵ كە تێیدا مافی هەموو لایەك پارێزراو و جێگیر بووە و ئەوەیشی بۆ ئامادەبووان باس كرد كە زۆر هەوڵیاندا لایەنەكانی عێراقی سوود لە ئەزموونی كوردستان وەربگرن و بەرەو تۆڵەسەندنەوە لە یەكتر هەنگاو نەنێن و هەڵەكانی ڕابردوو دووبارە نەبێتەوە. بەڵام كردەوە و بڕیارەكانی حكوومەتی عێراقی پێچەوانەی ئەو بنەمایانە بوو كە لە دەستوور جێگیر كرابوو و كار گەییشتە تۆڵەسەندنەوە و قووڵتربوونی تاییفەگەری و ئابلۆقەدانی پێشمەرگە و هەڕەشەكردن لە كوردستان و سەرئەنجام بڕینی قووتی گەلی كوردستان. هەموو ئەوانە بە مانای شكستی تەوافوق و فیدڕالیەت و بنەمای شەراكەتە و گەلی كوردستانیش بەرپرس نییە لەو نەهامەتییەی بەسەر عێراقدا هاتووە و بەرپرسیارێتیی ئەم دۆخە دەكەوێتە سەر ناوەند و لایەنەكانی عێراقی.
سەرۆك بارزانی جەختی لە مافی گەلی كوردستان لە بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆی كردەوە و ئەوەی خستەڕوو كە لە هیچ جێگەیەكی جیهاندا یەكگرتنی زۆرەملێ یان لێكترازاندنی زۆرەملێ سەرینەگرتووە، پەیوەست بەم باسەوە سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا كە سەربەخۆیی كوردستان پڕۆسەیەك دەبێ دوور لە توندوتیژی و لە چوارچێوەی حیوار و لێكتێگەییشتن و لەپێناو چارەسەركردنی بنەڕەتیی كێشەكان دەبێت. سەرۆك بارزانی پێشوازی لە هەموو جۆرە دیالۆگ و ڕاگۆڕینەوە كرد و بە هەنگاوێكی زۆر باشی زانی بۆ لێكتێگەییشتن و گەییشتن بە ئەنجامی بەسوود.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا ئامادەبووان سەرنج و ڕاو تێبینییەكانی خۆیان لەبارەی سەربەخۆیی كوردستان و ئاییندەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و قۆناغی دوای داعش بۆ سەرۆك بارزانی باس كرد و چەند پرسیارێكیان لەبارەی ئەم تەوەرانە ئاڕاستەی سەرۆك بارزانی كرد.
لەبارەی ئاییندەی ئەو ناوچانەی كە لەشەڕی داعش پێشمەرگە ئازادی كردوون، سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە هیچ كەس و لایەنێك بۆی نییە سیغەیەكی دیاریكراو بەسەر خەڵكی ئەم ناوچانە بسەپێنێ و چارەنووسی ئەم ناوچانە لە لایەن دانیشتوانی ناوچەكە دیاری دەكرێت.
سەرۆك بارزانی ئەوەیشی بۆ ئامادەبووان شی كردەوە كە دوای ڕووخانی ڕژێم بڕوای تەواوی هەبووە كە دەكرێ دەوڵەتێكی فیدڕاڵ و دیموكرات دابمەزرێ و هەموو هەوڵێكیشی بۆ دا بەڵام ڕووداوەكانی دواتر پێشانیدا كە لە بەغدا فەرهەنگی هەڕەشە و بە پاشكۆدیتنی كورد و پێشێلكردنی شەراكەت هەر بەردەوام و باڵادەستە. سەرۆك بارزانی ئامادەبووانیشی لەوە ئاگادار كردەوە كە دەبێ ڕێز لە ڕای گشتیی كوردستان و ویست و ئیرادەی ئەوان بگیرێت و لێی تێبگەن. هەروەها جەختیشی لە پێویستی ڕێزگرتن لە ئیرادە و ویستی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان عێراق و ئاییندەیان كردەوە.

Back to top button