ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢ی شوباتی ٢٠٢٢، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتیی مەسڕور بارزانی سەرۆکی حکومەت و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، ئەنجام دەدات.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بابەتانەی خوارەوە دەخرێنە بەر باس و گفتوگۆ: – خستنەڕووی پوختەی ئەنجامی سەردانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران مەسرور بارزانی بۆ ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو. – خستنەڕووی ڕەوشی کۆچبەرانی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە بە شێوەیەکی گشتی و کارەساتی ئەمدواییەی گیان لەدەستدان و بێ سەروشوێنبوونی کۆمەڵێک لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ گەڕانەوەی تەرمەکان و ڕزگاربووان و گەڕان بەدوای بێ سەروشوێنەکان. – خستنەڕووی ڕاپۆرتی وەزارەتی تەندروستی سەبارەت بە تەشەنەکردنی ڤایرۆسی گۆڕاوی (ئۆمیکڕۆن) لە هەرێمی کوردستان. – خستنەڕووی بەرەوپێشچوونەکانی کاری تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێم.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ٢ی شوباتی ٢٠٢٢