هه‌ولێر: خاوەن خانووى زێدەڕۆ ئاگادارده‌كرێنەوە بۆ تاپۆکردنى خانووەکانیان.

 ئەمڕۆ چوارشەممە 2022.2.2، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەئامادەبوونى ئەندامانی لیژنە، لەدیوانی پارێزگا، کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای بەخاوەنکردنی خانووە زێدەڕۆیەکان ئەنجامدرا و برياردرا خاوەن خانووى زێدەڕۆ ئاگاداربكرێنەوە بۆ پێشکەشکردنی داواکارییەکانیان بەلێژنەکان بۆ تاپۆکردنى خانووەکانیان.
ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر بڕیاریدا بە پێکهێنانى لیژنەیەکى ترى تایبەتمەند لە کەسانى شارەزاى هونەرى بۆ دیراسەتکردنى واقیعى خانووە زێدەڕۆکان و هەموو ئەوانەى کە بەر شەقام دەکەون و ئەوانەشى کە لەسەر ناوچەى سەوزایی دروستکراون.
پاشان گفتوگۆ لەبارەى قەرەبووکردنەوەى ئەو خانووانەى کە لەگەڵ داڕشتنەوەی نەخشەکان ناگونجێن و پێویستن هەڵبگیرێن و چارەسەرکردنى کێشەى ئەو زەویانەى کە کارتیان هەیە بەڵام دۆسیەکانیان نەماوە کرا.
لەکۆتایى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، جەخت لە جێبەجێکردنى یاسای ژمارە 7ی ساڵی 2021 پەرلەمانى کوردستان تایبەت بە بەخاوەنکردنی خانووە زێدەڕۆکانە لەسنووری شارەوانییەکان کرایەوە و لەوبارەیەشەوە داواکرا ئاسانکاری بۆ هاوڵاتییان لە جێبەجێکردن و ڕایکردنی مامەڵەکانییان بکرێت و هاوڵاتییانى خاوەن خانووى زێدەڕۆ ئاگاداربکرێنەوە بۆ پێشکەشکردنی داواکارییەکانیان بەلێژنەکان بۆ تاپۆکردنى خانووەکانیان.
Back to top button