سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی نەمسا (ئۆستریا) دەکات

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە سەرۆكی بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا و باشووری ئەوروپا لە وەزارەتی دەرەوەی نەمسا كرد، لە كۆبوونەوەی نێوانیان نەمسا خواستی وڵاتەكەی بۆ برەودانی بە پێوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەربڕی.

ئەمڕۆ یەكشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە گیرۆڵد ڤۆڵمەر سەرۆكی بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا و باشووری ئەوروپا لە وەزارەتی دەرەوەی نەمسا و ئۆسكار ڤوستنگەر باڵوێزی نەمسا لە عێراق و ئوردن كرد.

لە دیدارەكەدا گۆڕانكاریی و پەرەسەندنەكانی عێراق و ناوچەكە و پەرەپێدانی پێوەندییەكانی نەمسا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان تاووتوێ كرا.

سەرۆكی حكوومەت بە پێزانینەوە ئاماژەی بە پێوەندی دۆستانە و مێژوویی وڵاتی نەمسا لەگەڵ هەرێمی كوردستان و پشتگیریكردنی ئەو وڵاتە لە خەڵكی كوردستان كرد.

شاندی نەمسا خواستی وڵاتەكەیان بۆ برەودانی زیاتر بە پێوەندییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە بواری بازرگانی و  وەبەرهێناندا دەربڕی.

چارەسەركردنی كێشەی كۆچبەرانی كورد لە ئەوروپا و گرنگیی ڕێگرتن لە كۆچی نایاسایی، تەوەرێكی دیكەی گفتوگۆكانی دیدارەكە بوون.

 

Back to top button