نێچيرڤان بارزانى: ڕه‌هبه‌ر محيه‌دين له‌ ته‌مه‌نێكى گه‌نجيدا كۆچى دوايى كرد و خه‌مبارى كردين

نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان،‌ په‌یامێكی سەرەخۆشی بۆ خانەوادەی ڕه‌هبه‌ر محیه‌دین دەنێرێت و له‌به‌شێكى په‌يامه‌كه‌ هاتووه‌،”زۆر به‌داخه‌وه‌ بۆ كۆچى ناواده‌ى خوالێخۆشبوو ڕه‌هبه‌ر محیه‌دین محه‌مه‌د‌ئه‌مین، سه‌رۆكى فه‌رمانگه‌ى كارگێڕیى گشتیى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان كه‌ له‌ ته‌مه‌نێكى گه‌نجیدا كۆچى دوایى كرد و خه‌مبارى كردین.

له‌به‌شێكى ترى په‌يامه‌كه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان هاتووه‌: كاكه‌ ڕه‌هبه‌ر به‌ ڕاستى نموونه‌ى فه‌رمانبه‌رێكى پاك و دڵسۆز و كارزان و پیشه‌یى و خه‌مخۆرى كار و خزمه‌ت بوو، دڵنیام یاد و یادگارییان، بۆ هه‌میشه‌ لاى ئێمه‌ و هاوكارانى به‌ زیندوویى ده‌مێنێته‌وه‌.

ده‌قی په‌یامی سه‌ره‌خۆشی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان:

زۆر به‌داخه‌وه‌ بۆ كۆچى ناواده‌ى خوالێخۆشبوو ڕه‌هبه‌ر محیه‌دین محه‌مه‌د‌ئه‌مین، سه‌رۆكى فه‌رمانگه‌ى كارگێڕیى گشتیى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان كه‌ له‌ ته‌مه‌نێكى گه‌نجیدا كۆچى دوایى كرد و خه‌مبارى كردین. له‌م‌ كۆسته‌ خه‌مناكه‌ى خانه‌واده‌ به‌ڕێزه‌كه‌یاندا، پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى و هاوسۆزى و هاوده‌ردیى قووڵم ئاراسته‌ى خۆیان و كه‌سوكار و هاوكاران و دۆست و هاوڕێیانى ده‌كه‌م. له‌ خواى مه‌زن داواكارم گیانى به‌ به‌زه‌یى و میهره‌بانیى خۆى شاد بكات و دڵنه‌وایى و ئارامى به‌ خێزان و كه‌سوكارى و هه‌مووان ببه‌خشێت.

كاكه‌ ڕه‌هبه‌ر به‌ ڕاستى نموونه‌ى فه‌رمانبه‌رێكى پاك و دڵسۆز و كارزان و پیشه‌یى و خه‌مخۆرى كار و خزمه‌ت بوو، هه‌رگیز له‌ خزمه‌تكردن ماندوو نه‌ده‌بوو، هه‌ر بۆیه‌ مایه‌ى ڕێز و خۆشه‌ویستى و پێزانینى هه‌موو هاوكاران و ده‌وروبه‌ره‌كه‌ى بوو. له‌ میانى ساڵانى خزمه‌تیدا، نموونه‌یه‌كى جوانى مرۆڤێكى نه‌رم، ئارام، له‌سه‌رخۆ، خزمه‌تكار و له‌خۆبورده‌ى پێشكه‌ش كرد. دڵنیام یاد و یادگارییان، بۆ هه‌میشه‌ لاى ئێمه‌ و هاوكارانى به‌ زیندوویى ده‌مێنێته‌وه‌.

گیانى شاد و یادى هه‌میشه‌ به‌ خێر بێت.

نێچیرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2022/2/6

Back to top button