سەرۆک فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی یاسای ھەڵبژاردن و كۆمسیۆن كۆ دەبنەوە
سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان، کۆ دەبنەوە.
بڕیار وایە کاتژمێر 11ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 8ی 2ی 2022، سەرۆکی فراکسیۆنەکان لە پەرلەمان کۆ ببنەوە و گفتوگۆ لەبارەی یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن، بکەن.
لەبارەی کاراکردنەوەی كۆمسیۆنیش، بەشێك لە لایەنەكان داوای كاراكردنەوەی كۆمسیۆن بە پێکهاتەی پێشووی دەكەن و بەشێكی دیكەش داوا دەكەن بەپێ ئەنجامی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2018, نوێ بكرێتەوە.
پێشتر زانا مەلا خالید سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: ئێمە لەگەڵ ئەوەین كۆمیسیۆن كارا بكرێتەوە لەسەر ئەنجامی ھەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان پارتی پشكی خۆی لە كۆمیسیۆن وەربگرێت بۆ ئەوەی بتوانرێت ھەڵبژاردن باش بەڕێوە بچێت.