پارێزگارى هەولێر: ساڵێکى سەخت بوو، هەولێر دەبێتە خاوەنى نۆ قەزا و 22 ناحیە
ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر ئاماژەى بۆ ئەوە کرد کە ساڵى ڕابردووى کارکردن، ساڵێکى سەخت بووە، بەڵام ساڵى دەستپێکردنەوەى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بووە.
ئەمڕۆ کە یەک ساڵ بەسەر دەستبەکاربوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێردا تێپەڕی، ئەنجوومەنى پارێزگاى هەولێر کۆبوونەوەیەکى ئاسایی بە ژمارە (96) ڕێک خست. لە کۆبوونەوەکەدا پارێزگارى هەولێر باسی لە پڕۆژەکانى ساڵى ڕابردوو، هەروەها پلانى ساڵى 2022 کرد.
پارێزگارى هەولێر ئاماژەی بەوە دا کە دەرخستەى پڕۆژەکان 28 ملیار دینار بوو، بەڵام بەهۆی گۆڕانکارى لە پێکهاتە و شوێنى پڕۆژەکان، گۆڕانکارى لە بودجەى پڕۆژەکان کرا، بەتایبەتى گواستنەوەى پرۆژەکان بۆ ناوچە هەژارنشینەکان، بۆیە بە بودجەى 28 ملیار و 852 ملیۆن دینار 133 پرۆژەى خزمەتگوزارى جێبەجێ کراون، کە هەموویان پرۆژەى پێداویستى بوون. هەروەها حەوت پڕۆژەى ستراتیژى بە 16 ملیار دینار و 697 ملیۆن دینار جێبەجێ کراون، لەوانەش ڕێگاى قەرچووغ یەک و دوو، تەواوکردنى مۆنۆمێنتى شەهیدان و چاککردنى شەقامى چیاى سەفین و قیرتاوکردنى گەڕەکى سیمى خاتووناوا.
پارێزگارى هەولێر ڕوونىشی کردەوە کە لە بودجەى سەربار و فریاکەوتن کە لە پارێزگاى هەولێر هەیە، 213 پرۆژەى بچووک جێبەجێ کراون کە نزیکەى 10 ملیار دیناریان تێ چووە، 441 پرۆژەش لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانەوە جێبەجێ کراون، کە 240 پرۆژە لە سەرۆکایەتیى شارەوانى و 12 پرۆژەى هاتوچۆى هەولێر و 208 پرۆژە لەلایەن فەرمانگەى کارەبا و بەڕێوەبەرایەتیى ڕێگاوبان 13 پرۆژە و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیى شارەوانییەکان 27 پرۆژە و 82 پرۆژەى تەندروستى هەموویان بەسەریەکەوە 797 پرۆژە لە ماوەى یەک ساڵ بە 114 ملیار و 815 ملیۆن دینار بووە.
ئومێد خۆشناو گوتیشی: لەلایەن چەند خێرخواز و ڕێکخراوێکەوە چەندان پڕۆژە جێبەجێ دەکرێت لە دروستکردنى نەخۆشخانە و قوتابخانەوە تا پرۆژەکان کە 56 پرۆژەى خزمەتگوزارى لە سنوورى قەزاى مەخموور جێبەجێ کراون. 37 پرۆژەش لەلایەن ڕیکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە جێبەجێ کراون.
ئومێد خۆشناو سەبارەت بە پلانی پرۆژەکانی سالی 2022یش گوتی: ”لە ساڵى داهاتوو 131 پرۆژە لە سنوورى پارێزگاى هەولێر جێبەجێ دەکرێن کە بۆ ئەو مەبەستەش داوای 78 ملیار و 232 ملیۆن دینارمان کردووە بۆ جێبەجێکردنى ئەو پرۆژانە و 25 ملیار دیناریش بۆ تەواوکردنى پرۆژە تەواونەکراوەکان”.
باسی لەوەش کرد کە دەیانەوێت ناحیەى شەمامک بکەنە قەزا و بەو هۆیەشەوە پارێزگاى هەولێر دەبێتە خاوەنى نۆ قەزا و 22 ناحیە کە ئێستا هەشت قەزاى هەیە