وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتیی توركیا لە هۆڵەندا دەستبەسەركرا

خواكوڕك
دوای ئەوەی دەیویست بچێتە شاری رۆتردام وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتیی توركیا لە لە شاری ڕۆتەردامی هۆڵەندا لەلایەن پۆلیسەوە بە شێوەیەكی كاتی دەستبەركرا و ڕێگای پێنەدرا بڕواتە شاری ڕۆتەردام و گەڕێندرایەوە بەرەو ئەڵمانیا.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز رایگەیاند كە ئەمڕۆ وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی لە لایەن پۆلیسی ئەو وڵاتە دەست بەسەركرا, ئەوەش لەكاتێكدایە كە پێشتر كونسوڵی توركیا لە شاری رۆتەردامی هۆڵەندا بە كەناڵی تی ئاڕ تیی توركیای ڕاگەیاندبوو، فاتمە بەتول سایان كایا وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتیی توركیا لەسەر سنووری هۆڵەندا ڕاگیراوە.

هەروەها فاتمە بەتول سایان كایا ئەمشەو ١١ی ئازاری ٢٠١٧ لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵی حكومەتی توركیا وتویەتی “داوا لە حكومەتانی ئەوروپی بە تایبەت هۆڵەندا دەكەم، كە بگەڕێنەوە سەر بەها دیموكراسییەكانیان، كە خۆیان دەڵێن پارێزگاریی لێدەكەین”.

رۆیتەرزئەوەشی بڵاوكردووەتەوە، هەر تیمی ڕۆژنامەنووسیی تی ئاڕ تی و ئاژانسی ئەنادۆڵی حكومەتی توركیا، كە لەگەڵ وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتیی توركیادا بوون، لە دوای وەرگرتن و پشكنینی ناسنامەكانیان بۆ ماوەی كاتژمێرێك ڕاگیراون و دواتر بەرەو ئەڵمانیا نێردراونەتەوە.

لە بەردەوامی كاردانەوەكان بەرامبەر بە پێشهاتانە، باڵیۆزخانەی هۆڵەندا لە شاری ئەنقەرەی پایتەختی توركیا و كۆنسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە شاری ئیستانبولی توركیا داخران، كە بەپێی لێدوانی بەرپرسانی توركیا، داخستنەكانیان بۆ هۆكاری ئەمنی دەگەڕێتەوە. هەروەها ماڵ و شوێنی مانەوەی باڵیۆز و كونسوڵخانەی هۆڵەندا لە توركیا داخرا.

هەروەها مەولود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا گەیشتە فڕۆكەخانەی پاریس و ڕایگەیاند، باڵیۆزی هۆڵەندا پێویست ناكات لە دوای پشووەكەی لە هۆڵەنداوە بگەڕێتەوە بۆ ئەنقەرە, ئەوەش دوای ئەوە هات كە ئەمڕۆ هۆڵەندا ڕێگەی نەدا بە وەزیری دەرەوەی توركیا كە فڕۆكەكەی لە هۆڵەندا بنیشێتەوە.

Back to top button