عێراق تەواوی قەرزەكانی كوێت-ی دایەوە
لیژنەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ قەرەبووكردنەوەكان رایگەیاند، عێراق ئەو ٥٢،٤ ملیار دۆلارەی داوەتەوە بە كوێت كە بەڵێنی دابوو وەك قەرەبوو بیداتەوە بەو وڵاتە لەپای داگیركردنی لەساڵی ١٩٩٠دا لەسەردەمی رژێمی بەعسی رووخاو.
لە راگەیەندراوێكدا كە لەلایەن كۆمیسیۆنەكەوە بڵاوكراوەتەوە، ئاماژەبەوەكراوە، تا ئێستا لە نزیكەی ٢،٧ ملیۆن داواكاری قەرەبووكردنەوە ١،٥ ملیۆنیان پەسەند كراون كە تێكڕای قەرەبووكردنەوەكە بە ٥٢،٤ ملیار دۆلار دانراوە.
بەرزترین قەرەبوو ١٤،٧ ملیار دۆلارە كە دراوە، ئەویش لە بەرامبەر سووتاندنی دامەزراوەكانی كۆمپانیای نەوتی كوێت كە لەدوای داگیركاریەكە لەلایەن سەربازانی عیراقەوە سووتێندرا.