سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ کونسوڵ و نێردە و دیپلوماتی وڵاتان دواگۆڕانکاری و پێشهاتەکانی تاوتوێ كرد
ئەمڕۆ شەممە 12ی شوباتی 2022 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە گەڵ کونسوڵ و نێردە و دیپلوماتی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
ئەمڕۆ شەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە گەڵ کونسوڵ و نێردە و دیپلوماتی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکوومەت ڕۆشنایی خستە سەر بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم و پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی و دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە.
سەرۆکی حکوومەت، باسی لە هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کرد کە پێویستە حکومەتێک بێت خزمەتی سەرجەم هاووڵاتییانی عێراق و پێکهاتە جیاوازەکانی بکات و ببێتە هۆی سەقامگیربوونی ئاشتی و ئاسایشی عێراق .
سەرۆکی حکوومەت، جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان، بەردەوام کاری کردووە بۆ ئەوەی باشترین پەیوەندی لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی هەبێت و هەموو کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لە سەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن.
سەرۆکی حکوومەت، ئاماژەی بە کارنامەی حکوومەتی هەرێمدا بە ئاراستەی هەمەجۆرکردنی ئابووری و زیادکردنی سەرچاوەکانی داهات و کەمکردنەوەی خەرجییەکان و ڕێکخستنەوەی باجەکان و كارئاسانيكردن بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی و ناوخۆ و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان کە هەنگاوێکی گرنگە بۆ برەودان و بەهێزکردنی هەماهەنگیی لە نێوان دامودەزگاکانی حکوومەت بە شێوەیەکی مۆدێرن و هاوچەرخانە و کەمکردنەوەی گەندەڵیی بە جۆرێک کە خەرجیی ڕۆژانەی حکوومەت، بە سیستمی ئۆنڵاین و بەشێوەیەکی شەفاف و ڕوون ئەنجام بدرێت.
جەختیشی کردەوە کە وێڕای ناکۆکییە سیاسییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان ، بەڵام نەمانهێشتووە ئەو کێشە و ناکۆکییانە، ڕەنگدانەوەی نەرێنی لە ناو حکوومەتی هەرێمدا دروست بکات، بەڵکو بە پێچەوانەوە پەیوەنديی و هەماهەنگییەکی باش لە نێوان ئەندامان و بەشدارانی کابینەی نۆیەمدا هەیە.
سەرۆکی حکوومەت، دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان، فاکتەرێکی گرنگیی سەقامگیرییە لە ناوچەکە و خوازیاری پەیوەندیی دۆستانەیە لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ و پەرەپێدانی پەیوەندییە لە گەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی. ئاماژەشی بە گرنگیی بەردەوامبوونی هاریکاریکردن و هەماهەنگیکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش، بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لە ڕێگەی نەهێشتنی بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانە و کاراکردنی سەنتەرەکانی هەماهەنگیی ئەمنی هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق.
لەتەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە کێشەی کۆچبەران و ڕێکارەکانی حکومەتی هەرێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆچکردنی نایاسایی کرد.
لە کۆتاییدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەڵامی سەرنج و تێبینی وپرسیاری ئامادەبووانی دایەوە.ەرۆکی