حەوت وڵاتی عەرەبی داوا لە هاووڵاتییانیان دەکەن ئۆکراینا جێبهێڵن

بەهۆی ئاڵۆزبوونی دۆخی ئۆکراینا بەشێکی زۆر لە وڵاتان داوا لە هاووڵاتییانیان دەکەن ئۆکراینا جێبهێڵن، هۆشداریش دەدەن ئەگەر نیازی گەشتی ئەو وڵاتەیان هەیە دوایبخەن.

لەو چوارچێوەیەشدا هەریەک لە باڵیۆزخانەی ئیمارات، مەغریب و سعوودیە لە کیێڤ و وەزارەتی دەرەوەی هەریەک لە کوێت، عێراق، ئوردن و فەڵەستین داوایان لە هاووڵاتییانیان کردووە دەستبەجێ ئۆکراینا جێبهێڵن و هۆشداری بەو کەسانەش دەدەن کە لە ئێستادا نیازی گەشتکردنیان بۆ ئۆکراینا هەیە، گەشتەکانیان دوابخەن.

وڵاتانی رۆژئاوا لە سەروویانەوە ئەمریکا، رووسیا بە بڵاوپێکردنی هێزی سەربازیی لە نزیک سنووری ئۆکراینا تۆمەتبار دەکەن، لە بەرامبەردا مۆسکۆ ئەو تۆمەتانە لەبارەی جموجۆڵی سەربازیی لەنێو خاکی وڵاتەکەیدا رەتدەکاتەوە و ئەوەیشی رەتکردووەتەوە کە پلانی داگیرکردنی ئۆکراینای هەبێت.

رۆژی هەینی، یەکێتیی ئەورووپا داوای لە کارمەندانی دیپلۆماتی کردبوو بەتایبەت ئەوانەی کە پێویست بە مانەوە ناکات لە ئۆکراینادا، دەستبەجێ ئەو وڵاتە جێبهێڵن.

 

Back to top button