بڕیاری پاشەکشەی داعش و سەمای کۆتایی .
نيازحاجى
ئەبوبکر بەغدادی چەند رۆژێک پێش ئێستا بریاری لە ناکاوی بۆ پاشەکشەکردنی چەکدارەکانی لە موصڵەوە بۆ رەققە راگەیاند ، ئەگەر زۆرە لەگەڵ دەستپێکردنی هێرش بۆسەر رەققە بڕیارێکی تری هاوشێوەی موصڵ بە پاشەکشەکردنی چەکدارەکانی لەوێش دەربکات ، ئەو بڕیارەی ئێستای ئەبوبەکر بەغدادی لە موصڵ مانای نەمانی داعش ناگەیەنێت لە عێراقدا چونکە تا ئێستا داعش لە ناوچەکانی حەویجە و مەکحول و هەندێک ناوچەی بیابان لە رۆژئاوای عێراقدا ماون و مانەوەیان گومانی زۆر هەڵدەگرێت.
ئەو بڕیارەی ئەبوبکر بەغدادی بڕیارێکی (تاکتیکیە) مەبەست لێی کورتکردنەوەی کاتی بەریەککەوتنی نێوان ئەو هێز و گروپانەیە لە سەر پاشماوەکانی خۆی لە عێراق ، دروستبونی شەری نێوان پێشمەرگە و پەکەک لە شەنگاڵ یەکەم دەرکەوتەی دروستبونی ئاڵۆزی دوای داعشە ، چونکە ئێستا کۆمەڵێک گروپ و هێزی پرچەک و ئامادە و تەیەفی و نەتەوەیی کە هەریەک ئەجیندایەکی جیاواز و دژ بەوانی تر هەیە لە عێراقدا هەن ، هەموو ئەو گروپ و هێزانە بەبیانوی شەر لە دژی داعش پێکهێنراون و هەریەکیان تایبەتە بە ئایدیۆلۆژیاو جوگرافیایەکی دیاریکراو ، لەئەگەری پاشەکشەی داعش و کشانەوەی چەکدارەکانیان، تەواوی ئەو هێزانە توشی شەڕو بەریەککەوتن دەبن لەگەڵ یەکتر.
چۆن عێراقی پێش داعش جیاواز بوو لەگەڵ عێراقی کاتی داعش ، عێراقی دوای داعشیش(دوای ئازدکردنی موصڵ) جیاوازتر دەبێت لە عێراقی پێش داعش و کاتی داعش .
لەسەردەمی بونی داعش تەواوی ئەو هێز و گروپانە بە شەری داعشەوە خەریکبون ، لە غیابی داعشدا تەواوی ئەو هێز و گروپانە بە شەری یەکترەوە خەریک دەبن .
ئەو تاوان و کاولکاریانەی لە سەردەمی داعش ئەنجام دران ، زۆر زیاتر بوون لەو تاوان و کاولکاریانەی پێش هاتنى داعش ئەنجام دەدران ، بۆ دوای داعشیش تاوان و کاولکاریەکان زیاتر دەبن لە سەردەمی داعش …
ئەگەر لە کاتی ئۆبامادا شەر و کاولکاریەکان تەنها عێراق و سوریاو یەمەنی گرتبێتەوە ، ئەوا لە کاتی تڕامپ تورکیا و سعودیە و ئێران و چەند وڵاتێکی تریش دەگرێتەوە .
ئەگەر پێش هاتنی تڕامپ، شەر و روبەروبونەوەکان تەنها لە نێوان گروپ و میلیشیاکان بوبێ ، ئەوا دوای هاتنی تڕامپ سوپای وڵاتانی ناوچەکەش پەلکێشی ناو شەڕەکان دەبن .