لایەنە سیاسییەكانی هەڵەبجە رێككەوتن

خواكوڕك
لایەنە سیاسییەكانی پارێزگای هەڵەبجە لەسەر پێكهێنانی ئەنجوومەنی پارێزگاكە و دابەشكردنی كورسییەكان و بەڕێوەبەرایەتییە گشتیەكان رێككەوتن، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیشدا دەقی رێككەوتنەكەیان خوێندەوە و پیرۆزباییان لە خەڵكی پارێزگاكە كرد.

دەقی رێككەوتنی لایەنە سیاسییەكانی پارێزگای هەڵەبجە

بەناوی خوای گەورەو میهرەبان

ئێمە ئەم لایەنە سیاسییانەی كە لە خوارەوە واژۆمان كردووە تێكڕا رێككەوتین لەسەر پێكهێنانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجەو بە ئامادەبوونی رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووار بۆ پەرەپێدانی دیموكراسی لە رۆژی یەكشەممە 12-3-2017 لە بارەگای مەڵبەندی هەڵەبجەی بزووتنەوەی ئیسلامی.

دابەشكردنی كورسییەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان لە كۆی 14 بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەم شێوەیەی خوارەوە دابەشكرا.

1- یەكێتی نیشتمانی كوردستان 6 كورسی ئەنجوومەنی پارێزگا 4 بەڕێوەبەرایەتی گشتی

2- بزووتنەوەی گۆڕان 5 كورسی ئەنجوومەنی پارێزگا 3 بەڕێوەبەرایەتی گشتی

3- لیستی خزمەت، كە لە یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی پێكدێت 7 كورسی ئەنجوومەنی پارێزگا 4 بەڕێوەبەرایەتی گشتی.

4- پارتی دیموكراتی كوردستان 3 كورسی ئەنجوومەنی پارێزگا 3 بەڕێوەبەرایەتی گشتی

5- بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان 2 كورسی ئەنجوومەنی پارێزگا و بەڕێوەبەرایەتییەكی گشتیان بەخشی.

6- لیستی هاوپەیمانی نیشتمانی كە لە حیزبی شیوعی و حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان پێكهاتووە 1 كورسیان هەیە، بەڕێوەبەرایەتی گشتیان نییە.

7- كورسییەكی كۆتاش لە ئەنجوومەنی پارێزگا بۆ كاكەییەكان دانراوە بەڕێوەبەرایەتی گشتیان نییە.

ئەم رێككەوتنە بە سوپاسەوە بە پایان گەیشت بەوەی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان لە پشكی خۆیان بەڕێوەبەرایەتییەكی گشتیان بەخشی لەپێناو بەرژەوەندی گشتی هاووڵاتیانی پارێزگای هەڵەبجە، بەمەش رێككەوتنەكە گەیشتە قۆناخی كۆتایی.

دەقی راگەیێندراوی لایەنە سیاسییەكانی پارێزگای هەڵەبجە

جەماوەری بە شەرەفی كوردستان
كەوكاری سەربەرزی شەهیدان
هاووڵاتیانی خۆشەویستی پارێزگای هەڵەبجە

ئەمڕۆ بە خۆشحاڵییەوە موژدەی رێككەوتنی لایەنە سیاسییەكانی پارێزگای هەڵەبجەتا پێ رادەگەیێنین، لەسەر پێكهێنانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە، ئەو ئەنجوومەنەی ماوەیەكی زۆرە هاووڵاتیانی پارێزگاكەمان چاوەڕوانی پێكهێنانی دەكەن.
بەڕێزان…

ئاشكرایە كە هەر حیزب و لایەنێك پلان و میكانیزمی تایبەت بەخۆی هەیەو لەم نێوەندەشدا جیاوازی لەنێوان حیزب و لایەنەكاندا دروست دەبێت، بەڵام خۆشبەختانە ئەمجارە ئێمە لایەنە سیاسییەكان توانیمان ناكۆكی جیاوازییە سیاسییەكانمان وەلا بنێین و پێكەوە رێككەوتنێكی نوێ واژۆ بكەین، بەجۆرێك كە لە بەرژەوەندی هاووڵاتیاندابێت.
بەڕێزان…

كۆبوونەوەكانی ئەمجارەیان جیاوازبوو لە كۆبوونەوەكانی دیكە، بەوەی ئەمجارە رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان بۆ پەرەپێدانی دیموكراسی، وەك رێكخراوێكی كارای كۆمەڵگای مەدەنی دەستپێشخەری كردوو بوونە نێوەندگیری نێوان حیزبە سیاسییەكانی پارێزگای هەڵەبجە. بە خۆشحاڵییەوە هەوڵەكەشیان ئەم ئەنجامە دڵخۆشكەرەی بەدوای خۆیدا هێنا، بۆیە جێگەی خۆیەتی سوپاسی تایبەتی خۆمان ئاراستەی رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان بكەین، كە بێلایەنانە رۆڵێكی گەورەیان گێڕا لە نزیككردنەوەی ئێمە لە خاڵە هاوبەشەكانمان تێپەراندنی خاڵە جیاوازەكانمان.
جێی خۆیەتی سوپاسی تایبەتی بزووتنەوەی ئیسلامی لە كوردستان بكەین، كە رۆڵی یەكلاكەرەوەی هەبوو لەم رێككەوتنەدا، لە كۆتاییشدا داواكارین لە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی بەڕێز، بڕیاری پێكهێنانی ئەنجوومەنەكە بدات، بە جۆرێك كە ئەنجوومەنەكە لە 16-3ی ئەمساڵ بە فەرمی بكرێتەوە.

هەروەها داواكارین لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە لەكاتی دەستبەكاربوونیاندا دڵسۆزانە كارەكانیان راپەڕێنن بەجۆرێك كە لە ئاست متمانەی هاووڵاتیاندابن. دووبارە پیرۆزبێت ئەو رێككەوتنە مێژووییە، هیواداریشین نموونەی ئەم جۆرە رێككەوتنانە سەرجەم هەرێمی كوردستان بگرێتەوەو لایەنە سیاسییەكان لە پێناو هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستاندا جیاوازییەكانیان وەلا بنێن.

لایەنە سیاسییەكان

یەكێتی نیشتمانی كوردستان
بزووتنەوەی گۆران
پارتی دیموكراتی كوردستان
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان
بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان
حیزبی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان
حیزبی شیوعی كوردستان
12-3-2017
بارەگای مەڵبەندی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان

Back to top button