شنگالییەكان: پەكەكە مافی ئەوەی نییە شنگال لە هەرێمی كوردستان جیا بكاتەوە

خواكوڕك
دوای ئەوەی گروپێكی چەكداری پەكەكە هەڵیان كوتایە سەر هێزێكی پێشمەرگە, مامەلەكانی پەكەكە كاردانەوەیەكی گەورەی جەماوەری لە ئاستی كوردستان لێكەوتەوە بەو هۆیەوە خەڵكی شنگال و دەوروبەری كە ئاوارەی كەمپەكانی هەرێمی كوردستان بوونە، ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، شنگال بەشێكی دانەبڕاوی هەرێمی كوردستانە، بۆیە پەكەكە مافی ئەوەی نییە شنگال لە هەرێمی كوردستان جیا بكاتەوە یان موزایەدە بە شنگالەوە بكات.

(ئیبراهیم خەلیل) خەڵكی شنگالە و‌ بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: “پەكەكە مافی ئەوەی نییە شنگال لە هەرێمی كوردستان جیا بكاتەوە، یان موزایەدە بە شنگالەوە بكات، ئەمە رێگەپێدراو نییە و خزمەت بە خەڵكی شنگال ناگەینێت، چونكە دەزانین هەر كاتێك شنگال و دەوروبەری نەگەڕێنەوە سەر هەرێم وەك ئەوەی داعش چی بەسەر ئێمە هێنا، عێراق خراپترمان بەسەر دێنێت، بۆیە داوا دەكەین هەرچی زووە شنگال بگڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان، چونكە بەشێكی دانەبڕاوی هەرێمی كوردستانە.”

(تەحسین جۆقی) یەكێكی دیكەیە لە خەڵكی شنگال و‌ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: “دەبێت حكوومەتی هەرێم هەموو ئەو هێزە نایاساییانەی لە شنگال و دەوروبەرینە، بكاتە دەرەوە؛ چونكە ئەوانە لە وڵاتانی دیكەوە هاتوون‌، دیارە ئەوان بۆ ئەوە هاتوونە شنگال داگیری بكەن و خەڵكی ناوچەكە دەربەدەر بكەن و لێ نەگەڕێن ئێمە بگەڕێینەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆمان، لەگەڵ ئەوەیش ئەگەر پەكەكە لە ناوچەكە بێت، لە دوارۆژدا ڕێگە خۆش دەكات كە هێزی وەك حەشدی شەعبی و هەندێك هێزی دیكەیش بێنە ناوچەكەمانەوە، بۆیە داوا لە سەرۆكی هەرێم دەكەین، هەرچی زووە ئەو هێزانە لە هەرێم وەدەربنێت، ئەگەرنا لە دوارۆژدا‌ زیاتر بۆ ئێمە كێشە دروست دەكەن.”

(خدر ئەلیاس) هاووڵاتییەكی دیكەیە و بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان روونی كردەوە، خەڵكی شنگال بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان دەدەن، نەك هێز و لایەنێك كە بە زۆر خۆی بەسەر خەڵكی ناوچەكەدا سەپاندووە.

ئەو گوتی “خەڵكی شنگال و دەوروبەری هەموو لەگەڵ ئەوەن چارەنووسیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بێت، دژی ئەوەین جارێكی دیكە ناوچەكانی ئێمە بگەڕێنەوە سەر ئیدارەی مووسڵ، چونكە هەر ئیدارەی مووسڵ و عەرەبەكان بوون ئەوەیان بەسەر ئێمە هێنا، كە تا ئێستایش نازانین كەسوكاری ئێمە لە كام شوێنن و چارەنووسیان نادیارە، بۆیە ئەوەی پەكەكە دەیكات خزمەت بە كورد ناكات، بەڵكو بەو هێزانە دەكات كە دژی كورد و بەرژەوەندییەكانی كوردستانن و نایانەوێت كوردستان بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو بنێت”.

Back to top button