ڕووسیا داوای هاوكاری له ههرێمی كوردستان دهكا بۆ ڕزگاركردنی بازرگانێكى وڵاتهكهى
سەباح خدر،گوتەبێژی ئاسایشی هەولێر ئاشکرای دەکات، لەسەر داوای حکومەتی رووسیا وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هێزێکی هاوبەشی ئاسایشی هەولێر و دژەتیرۆر راسپارد کە بازرگانە رووسەکە رزگار بکەن و تەواوی ئەندامانی گرووپەکەش دەستگیرکراون.
دوای چەند رۆژێک لە رفاندنی بازرگانەکە ئەندامانی گرووپەکە پەیوەندی بە خانەوادەکەیەوە دەکەن و لە بەرامبەر ئازادکردنیشیدا داوای سەرانەی 200 هەزار دۆلار دەکەن، خانەوادەکەی بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەنووسی، حکومەتی وڵاتەکەیان لە رفاندنەکە ئاگادار دەکەنەوە، حکومەتی رووسیاش لە رێگەی کونسوڵی وڵاتەکەی لە هەولێر، داوای لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە هاوکارییان بکەن، لە بەرامبەریشدا وەزارەتی ناوخۆ هێزێکی هاوبەشی ئاسایشی هەولێر و دژەتیرۆر بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی رفێندراوەکە و دەستگیرکردنی گرووپەکە رادەسپێرێت.
گوتەبێژی ئاسایشی هەولێر لەبارەی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی بازرگانە رووسەکە بە کوردستان24ی راگەیاندووه، وەزارەتی ناوخۆ هێزێکی هاوبەشی ئاسایشی هەولێر و دژەتیرۆر پێکهێنا، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە کەمتر لە 48 کاتژمێر لە دوای پەیوەندییەکەی کۆنسوڵ ، توانرا بازرگانەکە بە سەلامەتی رزگار بکەن و تەواوی ئەندامانی گرووپەکەش دەستگیر بکرێن.