سەرۆكی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی ئیتاڵیا دەكات

ئەمڕۆ پێنجشەممە 17/2/2022 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێز ماریزیۆ گریگانتێ باڵیۆزی نوێی ئیتالیا له‌ عیراق کرد.

لە دیدارێكدا بەڕێز گریگانتێ خۆشحاڵیی خۆی بە دەستبەكاربوونی لە عیراق دەربڕی و پوختەیەكی لە كار و پرۆگرامەكانی داهاتووی پێشكەش كرد، هەروەها جه‌ختی له‌ په‌ره‌پێدانی زیاتری پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ عیراق و هەرێمی كوردستان کرده‌وه‌.

دوایین پێشهاته‌کانی شه‌ڕی دژی تیرۆر و هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌کانی داعش و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان، ته‌وه‌رێکی دیکه‌ی دیداره‌که‌ بوو. تیایدا به‌ڕێز باڵیۆزی ئیتالیا ڕۆڵی پێشمەرگەی له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ و تێکشکاندنی داعش، بەرز نرخاند.

لای خۆیەوە سەرۆك نێچیرڤان بارزانی وێڕای پیرۆزبایی بۆ دەستبەكاربوونی بەڕێز گريگانتێ، هیوای سەركەوتنی بۆ خواست و پشتگیریی خۆی بۆ پرۆگرامەكانی نیشان دا، هه‌روه‌ها خواستی هەرێمی كوردستانی بۆ برەودان بە پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیتاڵیا بەتایبەتی لە بواری بازرگانی و وەبەرهێناندا، دووپات کرده‌وه‌.

به‌ڕێزیان تیشكی خستە سەر دۆخی ئەمنی و سیاسیی عیراق و لەمبارەیەوە جه‌ختی له‌ گرنگیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی سوپای عیراق و پێشمەرگەی لەگەڵ هاوپەیمانان بۆ لەناوبردنی تیرۆر کرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ئاماده‌ییی هه‌رێمی کوردستانی بۆ چارەسەركردنی كێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور نیشان دا.

 

Back to top button