په‌یامی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ سه‌باره‌ت به‌ بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی عێڕاق له‌باره‌ی یاسای نه‌وت وغازی هه‌رێمی كوردستان.

 

ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له‌هه‌رێمی كوردستان له‌ چوارچێوه‌ی بڕوابوون به‌ بنه‌مای جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان و ڕێز گرتن له‌دادگاكان و به‌ بڕوا بوون به‌ به‌نده‌كانی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عێڕاق و مادده‌ی 88 كه‌ نابێ هیچ ده‌سه‌ڵاتێك به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریه‌وه‌ بێت وده‌ست بخاته‌ ناو كاره‌كانی دادگاوه‌‌ ، بەڵام بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی دژ به‌ بڕیارێكی پێشتری خۆیه‌تی كه‌ ژماره‌ (8)ـی ساڵی 2012 ـیه‌، كه‌ جه‌خت له‌سه‌ر به‌شداریپێكردنی هه‌رێم و پارێزگا وه‌به‌رهێنه‌ره‌كانی نه‌وت ده‌كاته‌وه لە داڕشتنی سیاسەتی ستراتیژیی نەوت و سامانە سرووشتیەكان ، بۆیە ئێمه‌ نیگه‌رانی خۆمان ده‌رده‌بڕین سه‌باره‌ت به‌ بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق سه‌باره‌ت به‌ یاسای نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستان وبه‌ بڕیارێكی نه‌گونجاوی ده‌زانین به‌تایبه‌ت له‌و قۆناغه‌ی ئیستای عێراق کە پڕ لەکێشمە کێشم و قەیرانە.

له‌كاتێكدا هه‌رێمی كوردستان به‌پێ ی مادده‌ی 121 به‌ندی یه‌كه‌می ده‌ستوری عێڕاق ماف و ده‌سه‌ڵاته‌كانی دیاری كراوه‌، به‌ڵام به‌درێژایی ساڵانی ڕابردوو له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقی فیدراڵ ئه‌و مافانه‌ پێشێل كراون و ده‌ست بۆ موچه‌و قوتی خه‌ڵك براوه‌و به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك خۆی نه‌ناردراوه‌و ته‌نانه‌ت له‌ ساڵی 2014 ئه‌و به‌شه‌ بودجه‌یه‌ بڕاوه‌ ، كه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ پێچه‌وانه‌ی مادده‌كانی ده‌ستورن و به‌ڵام بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئه‌و پرسانه‌ دادگای فیدڕاڵی هیچ كاردانه‌وه‌و هه‌ڵوێستی نه‌بووە، له‌كاتێكدا هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان به‌شێكن له‌ ده‌وڵه‌تی عێڕاقی فیدراڵ.

ئێمه‌ وای ده‌بینین كه‌ ئه‌و بڕیاره‌ی دادگای فیدڕاڵی له‌و كاته‌دا ڕه‌هه‌ندی سیاسی له‌پشته‌و هیوادارین، كه‌ دادگای باڵای فیدڕاڵی له‌ ژێر فشاری هیچ لایه‌ن و كه‌سێك نه‌بێت و سه‌ربه‌خۆیی خۆی بپاریزێت و نه‌بێته‌ به‌شێك له‌ ململانێ سیاسیه‌كان كه‌ له‌ ئیستادا له‌ عێڕاق بونی هه‌یه‌ .

وه‌ هه‌مووان ده‌زانین كه‌ كێشه‌ی نه‌وت وغاز سالانێكی زۆره‌ بوونی هه‌یه‌و به‌رده‌وامیش گفتوگۆ هه‌بوه‌ له‌نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدراڵ. به‌ڵام  په‌رله‌مانی كوردستان له‌ ساڵی 2007 ـەوه‌ كه‌ یاسای ژماره‌ (22) ی نه‌وت و گازی ده‌ركردووه،‌ حكومه‌تی فیدراڵی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كردووه‌. وە له‌ دواهه‌مین هەنگاویشدا لە یاسای بودجه‌ی عێراق ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌ و له‌ مادده‌ی (11)ـی یاساكەدا جه‌خت له‌ پێویستی ئه‌م هه‌ماهه‌نگیه‌ كراوه‌ته‌وه‌ ، بۆیە ده‌ركردنی ئه‌و بڕیاره‌ له‌و كاته‌دا جێگه‌ی نیگه‌رانی و پرسیاره‌ كه‌ ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌سته‌ به‌ ژیان و گوزه‌ارن و موچه‌و قوتی هاوڵاتیان.

ئێمه‌ له‌ڕوانگه‌ی پاراستنی مافه‌كانی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان و دابین كردنی مافه‌ ده‌ستوریه‌كانی هه‌رێمی كوردستان جه‌خت له‌سه‌ر به‌رده‌وامی گفتوگۆو دانوساندن ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌ پێناو دروست نه‌بونی قه‌یران و كێشه‌ی زیاتر له‌نێوان هه‌ردوو حكوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان وحکوومەتی عێراقی فیدراڵ، وە پێویسته‌  حكومه‌تی عێراقی فیدراڵی به‌هه‌ست كردن به‌به‌رپرسیارێتیه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان بكات وشایسته‌ داراییه‌كان و ده‌ستورییه‌كان بۆ هه‌رێمی كوردستان بنێرێت .

 

ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له‌هه‌رێمی كوردستان     17 ی شوباتی 2022

Back to top button