جێگری سەرۆکی پارتی : بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی قوتابیانی کوردستان و یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە

بە بۆنەی شه‌ست و نۆهەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیانی کوردستانەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە خۆتان و تێکڕای ئەندامانی ڕێکخراوە تێکۆشەرەکەتان و قوتابیانی کوردستان دەکەم، هیوادارم ئەم یادە هاندەرێکی بەهێز بێت بۆ برەودانی زیاتر بە خەباتی ڕێکخراوەییتان لەپێناو ماف و خواستەکانی قوتابیانی کوردستاندا.

یەکێتیی قوتابیانی کوردستان خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە سەروەرییە، وێڕای بەخشینی چەندین شەهیدی قارەمان، لانکەی پێگەیاندنی چەندین سەرکردە و تێکۆشەری دیاری گەلەکەمانە کە ڕۆڵی گرنگیان لە بزاڤی ڕزگاریخوازیى كوردستاندا بینیوە.

ڕێکخراوەکەتان به‌رپرسیاریه‌تى ئەرکی گرنگی نیشتمانی و پیشەیی لە ئەستۆدایە بۆ پاراستنى مافه‌كانى قوتابیان و پێگەیاندنی تاکی هۆشیار و کادیری دڵسۆز و کارمەندی لێهاتوو بۆ خزمەتی نیشتمان و داهاتوویه‌كى باشتر، هه‌روه‌ها بۆ بەهێزکردنی بنەماکانی لێبوردەیی و یەکڕیزی و تەبایی.

گرنگە هه‌نگاوه‌كانتان هاوشانی پێشکەوتنی خێرا و گەورەی سەردەم بن لە بواری زانست و خوێندن و پەروەردەدا. پێشکەوتنی توانای زانستیی قوتابیان و پەرەپێدان بە بەهرەکانیان، زامنی داهاتوویەکی گەشە بۆ قوتابیان و کۆمەڵگه‌.

کار و خەباتی مەدەنیانەتان بەرز دەنرخێنین. هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازین. بەرز و شکۆدار بێت یادی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان. دروود بۆ گیانی پاكى شەهیدانى یەکێتیی قوتابیان و ته‌واوى شه‌هیدانی کوردستان.

نێچیرڤان بارزانى

جێگرى سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان

١٨/٢/٢٠٢٢

Back to top button