مەترسی ماددەی هۆشبەر لە سلێمانی ڕوولە هەڵكشانە

خواكوڕك
زۆر بوونی ژمارەی بەكارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەكان ڕوو لە هەڵكشانە ، بەپێی ئامارە فەرمییەكان ژمارەی بەكارهێنەرانی مادە هۆشبەرەكان لە پارێزگای سلێمانی ڕوو لە زیاد بوون و هەڵكشانە .
سەرەتای ساڵی نوێ لە مانگی كانوونی دووەمی 2017 ” عەمید جلال ئەمین بەگ ” بەڕێوبەری مادە هۆشبەرەكان لە بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی ، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند ” بەكارهێنانی مادە هۆشبەرەكان لە شاری سلێمانی لە %100 زیادی كردووە .
بەو پێیەی لە ساڵی (2015 ) نزیكەی (150) كەس بە تۆمەتی بەكارهێنانی ئەومادانە دەستگیر كراون ،ئەمە لەكاتێكدایە لە ساڵی ( 2016 ) دوو ئەوەندەو زیاتریش بەگشتی (310) كەس بە تۆمەتی بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر دەستگیر كراون ، بۆ ساڵی نوێی 2017 یش بە پێی جموجۆڵی بەڕێوبەرایەتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەكان بێت ڕوو لە هەڵكشانەو زیاتری ژمارەی ئالودە بوونی مادەی هۆشبەر پشت ڕاست دەكاتەوە .
بەووتەی “عەمید جلال ئەمین بەگ ” بەڕێوبەری نەهێشتنی مادە هۆشبەرەكان لە ئاسایشی سلێمانی ، جگە لە زیادكردنی ڕێژەی بەركارهێنان و بازرگانی بە موادی هۆشبەرەوە ، مەترسی ئەوەشی خستە ڕوو كە لە ساڵی (2016 ) جیاوازتر لە ساڵانی ڕابردوو ئافرەتانیشیان خزاندووتە ناو مامەڵەی مادە هۆشبەرەكان و زیاتر لە ( 10 ) ئافرەت بە تۆمەتی مامەڵەكردن و بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر دەستگیر كراون .
سنورو دەروازەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران یەكێكە لەو دەرگایانەی كە بەكراوەی مامەڵەی گواستنەوە و بازرگانی مادە هۆشبەرەكانە ، بە هۆی نزیكی سنورەكانی ئێران ئاڵوگۆرو جكوجۆڵی ئەو مادانە لە هەڵكشاندانە، چونكە لە ئێران زیاتر لە دوو ملیۆن بەكارهێنەری مادەی هۆشبەر هەیە و ئەمەش هۆكارێكە و برەوی بە بازرگانی مادەی هۆشبەر بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان و بە تایبەت پارێزگای سلێمانی داوە ، بازرگانەكانی مامەلەی ماددەی هۆشبەر چ بۆ مەبەست و ئامانجی سیاسی بێت وەیان بۆ مامەڵەی بازرگانیكردن بێت ، بەئاسانی لە ڕێگەی قاچاغچیەكانەوە دەیگوازنەوە .

Back to top button