ئیدارەی ترەمپ بە هێزی سەربازییەوە لە سووریایە
خواكوڕك
لەگەڵ ئەوەی داعش خەریكە لە موسڵ لە پاشەكشە دایە بە پێی هەواڵی چەند میدیایەكی عەرەبی ئەبوبەكر بەغدادی بڕیاری پاشەكشەی داوە بۆ رەققە, بۆیە چاوەڕێدەكرێت كە بەریەككەوتنی گەورە لە رەققە رووبدات, ئەمریكا جیاواز لە ئیدارەی پێشووی ، ئیدارەی (ترەمپ) بە هێزی سەربازییەوە بەشداریی لە شەڕی ڕەققەی سووریادا دەكات.بۆ یەكەمجار ئەمەریكا بە فەرماندەیی دەستەیەكی مارینز لە ڕەققە شەڕ دەكات، ئەمەش سیاسەتێكی جیاوازە لەو سیاسەتەی كە (باراك ئۆباما)، سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا لە سووریا جێبەجێی دەكرد.
بوونی هێزێ سەربازیی ئەمەریكا لە سووریا، نیگەرانیی (بەشار ئەسەد)ی لێ كەوتەوە و، لە دیدارێكدا لەگەڵ ڕۆژنامەیەكی چینی، (بەشار ئەسەد)، سەرۆكی سووریا ڕایگەیاند، هێزی ئەمەریكا لە سووریا قبووڵ نییە و ئەو هێزەی ئەمریكا بە داگیركەر دەزانێت.
ئاژانسی هەواڵی (ڕۆیتەرز) بڵاوەی كردەوە، دوو ڕۆژ، دوای ئەوەی ئەمەریكا ڕایگەیاند، هێزی تایبەتی دەنێرێت بۆ نێو خاكی سووریا، (بەشار ئەسەد) ڕایگەیاند هەر هێزێك بەبێ پرس و ڕاوێژ لەگەڵ حكوومەتەكەی ئەودا بچێتە سووریا، داگیركەرە و قبوڵی ناكەن. (ئەسەد) گوتی: ”هێزی ئەمەریكا بۆ دێتە سووریا؟ شەڕی داعش دەكەن؟ ئەمریكایییەكان هەموو شەڕێكیان دۆڕاندووە.”
بەپێچەوانەی لێدوانەكەی (ئەسەد)ەوە، ئیدارەی ئەمەریكا دەیەوێت بە هێزی سەربازی نفوزی خۆی لە سووریادا زیاد بكات و، بڕیاریان داوە هێزێكی دیكەش ڕەوانەی سووریا بكەن.