مەسرور بارزانی: كۆبوونه‌وه‌كانمان به‌رهه‌می باشیان ده‌بێت

سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌باره‌ى ديدار و كۆبوونه‌وه‌كانى له‌ کۆنفرانسی ئاشتیی میونشندا راى گه‌ياند:” کۆبوونەوەکانمان بەرهەمی باشیان دەبێت و تێگەیشتنی باشیشمان لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانە هەبووە.

 

لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ، یەکشەممە 20/2/2022 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە بەشدارییان لە کۆنفرانسی ئاشتیی میونشندا گوتی، هاتنی ئێمە بۆ بەشداریی لەم کۆنفرانسەدا بۆ ئەوەی بووە کە تێڕوانینی خۆمان وەکوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان بخەینە ڕوو و چەندین دیداری دوولایەنەشمان هەبووە لەگەڵ زۆربەی ئەو بەشداربوانەی کە هاتوونەتە ئێرە، ”

 

سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان گوتيشى:” هەرچەندە ئەمساڵ بەهۆی کۆرۆناوە ژمارەی بەشداربوان کەمتر بوو، بەڵام توانیمان چەندین دیدار بکەین و لە دیدارەکاندا ڕوانگەی هەرێمی کوردستان لە زۆربەی ئەو بابەتانەی کە لەر ناوچەکەدا ڕوو دەدات، بەتایبەتی ئەو بابەتانەی بۆ هەرێمی کوردستان گرنگن، بخەینە ڕوو، هەروەها گوێ لە بیر و بۆچوونەکانی ئەوانیش بگرین، پێم وایە کۆبوونەوەکانمان بەرهەمی باشیان دەبێت و تێگەیشتنی باشیشمان لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانە هەبووە.

مەسرور بارزانی له‌ وه‌ڵامێكى تايبه‌ت بە هەڵویستی بەشداربوانی کۆنفرانسەکە لەسەر دواین بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراق و پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقیش،گوتى: ئەمە بابەتێکی ناوخۆییە، بەڵام ئێمە نیگەرانیی خۆمان پێشان داوە، بەتایبەتی ئەو بڕیارانەی کە بەسیاسی کراون و بەداخەوە دژی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، ئێمە ئەوەی لە تواناماندا بوو بۆ شیکردنەوەی بابەتەکان قسەی پێویستمان لەسەر کردوون.”

🔻پوختەیەک لە وەڵام و گوتەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:
• بەشداریی ئێمە لەم کۆنفرانسە بۆ ئەوە بووە، کە تێڕوانین و بیروبۆچوونەکانی خۆمان لە هەرێمی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بخەینە روو.
• چەندین دیداری دوولایەنەمان هەبووە لەگەڵ زۆربەی بەشداربووانی کۆنفرانسەکە.
• روانگەی هەرێمی کوردستانمان لە زۆربەی ئەو بابەتانەی کە لە ناوچەکەدا روو دەدەن بە تایبەتی ئەو بابەتانەی گرنگن بۆ هەرێمی کوردستان خستە روو.
• کۆبوونەوەکانی ئێمە بەرهەمی باشیان دەبێت و تێگەیشتنی باشمان هەبووە لەگەڵ ئەو لایەنانە.
• نیگەرانیی خۆمان نیشان داوە لەو بڕیارانەی کە بە سیاسی کراون و دژی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانن.
• هەموو هەوڵێک بۆ پاراستنی مافە دەستوورییەکانمان دەدەین.
• لەسەر سێ بابەتی گرنگی (سیاسی، ئابووری و ئاسایش) لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار گفتوگۆمان کرد و بیروبۆچوون و تێڕوانینی هەرێمی کوردستانمان لەسەر ئەو بابەتانە باس کرد.
Back to top button