ساسان عەونی: سەرۆکی حکومەت بایەخدان بە قوتابیانی خستووەتە پێشینەی بایەخەکانییەوە

له‌شارى هه‌ولێر، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە نوێنەرایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی 69مین ساڵیادی دامەزرانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستاندا بەشداریی کرد و سڵاو و پیرۆزبایی سەرۆکی حکوومەتی بە ئەندامانی ڕێکخراوی قوتابیان گەیاند و بە بۆنەی یادی دامەزرانی یەکەم ڕێکخراوی قوتابیانی کوردستان لە ساڵی 1953 هیوای بەردەوامیی بۆ ڕێکخراوەکە خواست .

ئەمڕۆ سێشەممە 22/2/2022،ساسان عەونی له‌ درێژه‌ى وته‌كانيدا گوتی: ”بۆ من جێگای شانازییە کە پێشتر ئەندام و دواتر وەکوو سکرتێری ڕێکخراوە ڕەسەنەکەتان بووم و ئێستا کە ئێوە دەبینم هەمان گوڕوتینی ئەوکات وەردەگرم و سوورتر دەبین لە خزمەتکردنی میللەتەکەمان.”.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە ڕێکەوتی هەستیاری مێژوویی دامەزرانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان لە 69 ساڵ لەمەوپێشدا کرد و گوتی: ”ڕاستە ڕێکخراوە تێکۆشەرەکەتان بە تەمەن دێرینترینە، بەڵام بە کار و چالاکی و خەبات و بەردەوامی و نوێبوونەوەتان گەنجترین و پێشەنگن.”

ساسان عەونی گوتیشی: ”سەرکردایەتیکردنی بزاڤ و هەڵسوکەوت لەگەڵ داخوازییەکانی توێژێکی هەستیار و بەجووڵە و پڕ وزە و هیوا و ئاوات و ئاسۆ ڕوونی وەکوو قوتابیان کەسانی شارەزا و ڕێکخراوی بەئەزموون و سەرکردایەتیی کارامەی دەوێت، کە بتوانێت ئەو هەموو دیدگا و خولیایە لەخۆ بگرێت و یەکیان بخات و بە ئاڕاستەی خزمەتی نیشتمان و بنیادنانی وڵات پێشڕەوییان بکات، ئەمە نەریتی بەردەوام و نەپساوەی یەکێتیی قوتابیانی کوردستانە، بۆیە سەرەڕای هەموو هەوراز و نشێوییەکان بەردەوام و لە مەیدانن و کار و بەرهەمتان دیارە و ڕووگەیەکی درەوشاوەن بۆ قوتابیانی کوردستان”.

نوێنەری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی کرد بە ڕۆڵی یەکێتیی قوتابیان وەکوو ڕێکخراوێکی زانستخواز و پیشەیی لە بواری هۆشیارکردنەوەی قوتابیان و بڵاوکردنەوەی هەستی نیشتمانپەروەری و گوتی، ”بۆ کارکردن لەسەر پاراستنی ناسنامەمان جێپەنجەتان دیارە”.

ساسان عەونی ئاماژەی بەوەش کرد کە بواری پەروردە و خوێندنی باڵا وەکوو مەیدانی سەرەکیی کاری قوتابیان یەکێکە لە گرنگترینی ئەو سێکتەرانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بایەخی زۆری پێ دەدات و کاری بنیادنەرانەی تێدا دەکات، هەر لە مەنهەج و مێتۆدی خوێندن تا بینای باخچە و قوتابخانە و کۆلیژ و پەیمانگاکان و دابینکردنی مامۆستا و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستییان و چاپکردنی کتێب و دابینکردنی کەرەستەی فێربوون و کەرەستەی نێو تاقیگەکان و کەش و ژیانی نێو بەشە ناوخۆییەکان و هەمووی ئەوانە لە ئەولەویەتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لە ئەجێندای کاری جەنابی سەرۆکی حکوومەتدا لە ڕیزبەندیی پێشەوەن.

هەر لەو بوارەدا باسی لەوەش کرد کە لە ماوەی ڕابردوودا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری بەهەمیشەییکردنی ژمارەیەک مامۆستای گرێبەستی دا و بڕیاریش درا سێ یەکەمەکانی دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان دابمەزرێن کە ئەمە دەرفەت و هاندانێکی باشە بۆ قوتابیان.

نوێنەری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە کە سەرەڕای قەیرانی دارایی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕی حەوت ملیار و 250 ملیۆن دیناری وەکوو پێشینەی مانگانە و چارەسەرکردنی گرفتی بەشە ناوخۆییەکان و دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگاکان تەرخان کرد.

گوتیشی، ئەمانە سەلیمێنەری ئەو ڕاستییەن کە جەنابی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کەرتی پەروەردە و بایەخدان بە قوتابیانی خستووەتە پێشینەی بایەخەکانییەوە، هەوەک چۆنە لەناو ئەو دۆخە قەیراناوییەدا دەیان قوتابخانە و ناوەندی خوێندن دروست کراون و نۆژەن کراونەتەوە. هەروەها جەنانی سەرۆکی حکوومەت خۆی بە بەردەوامی بەدواداچوون بۆ کێشە و داواکاریی قوتابیانی هەموو قۆناغەکانی خوێندن دەکات و تاکوو ئێستا چەندان دیداری ڕاستەوخۆی لەگەڵ قوتابیان کردووە.

گوتیشی، حکوومەت کار دەکات بۆ ئەوەی باڵانسی پسپۆڕیی خوێندنی قوتابیان و بڕوانامەکان لەگەڵ پێویستییەکانی بازاڕدا هاوسەنگ بێت و دەرفەتی کار بڕەخسێنێت، بۆیە بەردەوام پشتگیری لەو پرۆژانە دەکات کە دەستی کاری ناوخۆیی بەکار دەخەن و دەرفەتی کار بۆ دەرچوان دەڕەخسێنن.

ئاماژەی بە پشتیوانیی حکوومەت لە کەرتی تایبەت لە بواری پەروەردە و خوێندنی باڵادا کرد بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە لە ژمارەی وەرگرتنی قوتابیان کە کەرتی گشتی و ناوەندە حکوومییەکان ناتوانن لە خۆیانی بگرن، کە ئەوەش بە چاودێریی بەرزی زانستی و کارگێڕی دەکرێت.

گوتیشی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی داوە پەیوەندی لە نێوان دامودەزگا حکوومییەکان و وەزارەتەکان لەگەڵ زانکۆکانی هەرێمی کوردستاندا ڕێک بخات بە مەبەستی تێهەڵکێشکردن و سوودوەرگرتنی دەزگا حکوومییەکان لە ڕاوێژە زانستییەکانی زانکۆکان.

Back to top button