ديندار زێبارى: حكومەتی هەرێم لە هەوڵەكانی بەردەوامە بۆ دادگایی كردنی تیرۆریستانی داعش بەپێی پرەنسیپە نێودەوڵەتییەكان

ئەمڕۆ 22/2/2022 لە گوندی حەردان لە باشووری چیای شنگال مەراسیمێك بۆ كردنەوەی نزیكەی (70) گۆڕی قوربانیانی ئێزدی ئەنجامدرا، لەم مەراسیمەدا د. دیندار زێباری نوێنەری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی کوردستان ریزدار مسرور بارزانی بەشداربوو و ژمارەیەک لە لایەنەکانی حکومی، یوئین و كەسوكاری قوربانیان و رێكخراوەكانی بیانی و ناوخۆییەكان ئامادەبوون.

د.دیندار زێباری رێكخەری راسپاردەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە نوێنەرایەتی سەرۆكی حكومەتی هەرێم وتەیەكی پێشكەش كرد، لە سەرەتای وتەكەیدا ئاماژەی بەوە كرد كە داعش تاوانی گەورەی دەرهەق بە گشت پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان کردووە بەتایبەتی كوردانی ئێزدی و گشت پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤی پێشێل كردووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئێزدییەكان توانیان كەلتوور، ناسنامە و ئایینی خۆیان بپارێزن، ئاماژەی بەوەش کرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە عێراقی و نێودەوڵەتییەکان هەوڵ دەدات هەموو پێکهاتەکان بپارێزێت بۆ ئەوەی بەسەربەرزی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و ناوچەکانیان ئاوەدان بکرێتەوە و ئارامی و سەقامگیری بگەڕێندرێتەوە شنگال و گشت ناوچە کێشە لەسەرەکان.

لە بەشێکی دیکەی وتەکەدا رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: حکومەتی هەرێم کار دەکات بۆ ئەوەی لەرووی یاساییەوە هاوکاری قوربانیانی دەست داعش و کەسوکاریان بکرێت، لە ساڵی 1999 پەرلەمانی کوردستان یاسای (شوێنبزربووانی هەڵمەتەکانی جینۆسایدی گەلی کوردستانی) دەرکرد کە تایبەت بوو بە ئەنفالکراوانی بادینان و گەرمیان و بارزانییەکان، هەڵەبجە و کوردانی فەیلی، لە ساڵی 2021 پێشنیار کراوە کە یاساکە هەموار بکرێتەوە کە قوربانیانی دەستی تیرۆریستانی داعشیش بگرێتەوە بەتایبەتی کوردانی ئێزدی، هەروەها رۆژی 3/8/2014 وەک رۆژی بێسەروشوێنبووانی ئێزدی دەستنیشان کراوە.

لەلایەکی دیکەوە حکومەتی هەرێم بە پشتگیری یونیتاد پرۆژە یاسایەکی پێشکەش بە پەرلەمانی کوردستان کرد بۆ دامەزراندنی دادگایەکی تایبەتمەند بە تاوانەکانی تیرۆریستانی داعش بە تاوانی نێودەوڵەتی، چونکە ئەو تاوانانەی داعش ئەنجامیداون بە تاوانی دژی مرۆڤایەتی، تاوانی جەنگ و جینۆساید ئەژمار دەکرێن، مخابن کە دادگای باڵای ئیتیحادی پرۆژە یاساکەی رەت کردەوە کە ئەمەش پێشینەیەکی نوێ بوو، لێرەدا بە پێویستی دەزانین رێگری لەم پرۆژە یاسایە نەکرێت بۆ ئەوەی تیرۆریستان دادگایی بکرێن و کەسوکاری قوربانیان قەرەبوو بکرێنەوە،

نوێنەری سەرۆکی حکومەتی هەرێم تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی حکومەت بۆ بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش و گوتی: حکومەتی هەرێم تاوانەکانی داعشی دیکیۆمێنت کردووە و لەم رووەوە (٥١٧٠) دۆسیە تۆماركراون، لەوانە (٢٣٢٤) لێکۆڵینەوەکانیان کۆتایی هاتووە و ئامادەن.

هەروەها بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) لە هەماهەنگی بەردەوامداین بەتایبەتی لە بابەتی ئەرشیفکردن و بە دیکیۆمێنتکردنی تاوانەکان و توانراوە زیاتر لە (٧٣٩١٢) لاپەڕە دیکیۆمێنت بکرێت.

لە بارەی رزگارکراوانیش کە حکومەتی هەرێم بە ئەرکی خۆی زانیوە لە کۆی (٦٤١٧) رفێندراو کەس تا ئێستا (٣٥٥٧) کەس رزگار کراون، مخابن (٢٧٥٦) کەس رزگار نەکراون و حکومەت بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ رزگارکردنیان، دوای رزگارکردنیشیان حکومەتی هەرێم پێداویستییەکانیان دابین دەکات و یارمەتییان دەدات بۆ ئەوەی دووبارە بگەڕێنەوە نێوکۆمەڵگا و تا ئێستا زیاتر لە (١٠٠٠) ئافرەتی رزگارکراو نێردراون بۆ ئەڵمانیا بە مەبەستی چارەسەر کردن.

سەبارەت بە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر زێدی خۆیان دیندار زێباری گوتی: ئاشکرایە حکومەتی هەرێم قوربانییەکی زۆری داوە بۆ رزگارکردنی ئەو ناوچانەی کەوتبوونە دەست تیرۆریستانی داعش کە گەیشتە نزیکەی (١٨٠٠) شەهید و (١٠٣٦٩) بریندار و (٤٧) بێسەروشوێن بوو، بەڵام تا ئێستا رەوشی ناوچەکە سەقامگیر نییە.

زياتر گوتى:” بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال و ناوچەکانی دەوروبەری و گەڕانەوەی هاووڵاتیان بۆ سەر زێدی خۆیان پێویستە هەوڵی جددی بدرێت بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان، پاککردنەوەی ناوچەکە لە پاشماوەی مین و تەقەمەنییەکان و بەرقەراربوونی ئاسایش و سەقامگیری، ئەمەش بە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگالی نێوان حکومەتی ئیتیحادی و حکومەتی هەرێم دێتە دی کە باشترین چارەسەرە ئاسایی کردنی رەوشی ناوچەکە و گەڕانەوەی ئاوارەکان و دامودەزگا شەرعییەکان، چونکە ناسەقامگیری ناوچە کێشە لەسەرەکان بە گشتی بۆتە هۆی درووستبوونی بۆشاییەکی ئەمنی کە تیرۆریستان توانیویانە بیقۆزنەوە و تا ئێستا (٢٥٧) هێرشیان ئەنجامدوا کە بۆتە هۆی شەهیدبوون (٣٨٧) کەس و بریندار بوونی (٥١٨) کەس و بێسەروشین بووینی (٣٧)کەس لە پێشمەرگە و هاووڵاتیانی سڤیل.

لە کۆتایی وتەکەدا د.دیندار زێباری سوپاسی تیمی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) و لیژنەی نیشتمانی هەماهەنگیکار (NCC) لە حکومەتی ئیتیحادی کرد، بۆ هەوڵەکانیان بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و هێنانەوەی روفاتی قوربانیان.

 

Back to top button