کەشناسی، هۆشداری لەبارەی کەشوهەوای رۆژانی داهاتوو دەدات.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی کوردستان هۆشداری لەبارەی کەشوهەوای رۆژانی داهاتوو دەدات و رایدەگەینێت: لە درەنگانی شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی ئاسمانی هەرێم بەگشتی بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت نمە باران سەرەتا لەناوچە شاخاوییەکان دەست پێدەکات.
لە راگەیاندراوێکدا، ئەمڕۆ پێنجشەممە 24/2/2022، بەرێوەبەرایەتیی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان رای گەیاند: “لەئەنجامی کاریگەری نزمە پەستانی دەریای سپی ناوەراست ئاسمانی هەرێم رۆژانی داهاتوو ناسەقامگیربوون بەخۆوە دەبینێ و بەجۆرێک پیێشبینیمان تاوەکوو رۆژی یەکشەممە بەم شێوەیەدەبێ لە درەنگانی شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی ئاسمانی هەرێم بەگشتی بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت نمە باران سەرەتا لەناوچە شاخاوییەکان دەست پێدەکات”.
ڕاشیگەیاندووە: “بۆ بەیانی رۆژی هەینی لەکاتەکانی بەرەبەیان تاوەکوو دوایی نیوەرۆ شەپۆلێکی لێزمە باران و کە هەندێ جار هەورە تریشقەشی لەگەڵ دەبی کە وا پێشبینی دەکرێت بڕێکی کەم بۆ مامناوەند باران ببارێت لەتەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان شایانی باسە کاریگەری دابارین بۆ رۆژی شەممەش بەردەوامی دەبێ بەشێوەی نمە باران لەناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستاندا زیاتر لەناوچە شاخاوییەکاندا”.
کەشناسی ئەوەشی خستۆتەڕوو کە ئەگەری چالاکبوونی خێرایی با هەیە لەکاتەکانی درەنگانی شەوی پێنج شەممە تاوەکوو کاتەکانی دوایی نیوەڕۆی رۆژی هەینی کە وا پێشبینی دەکرێت خێرایی با بگاتە سەروی 40کم لە کاتژمێرێکدا بە ئاراستەی گۆراو.
لە ڕاگەیێندراوەکە روونیشکراوەتەوە کە پلەکانی گەرما نزم بوونەوەیەکی کەم بەخۆوە دەبینێ بە 2 تا 3 پلەی سیلیزی و بڕی بارانبارینیش زیاتر ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی باکووری هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
لەبارەی شاری هەولێریش کەشناسی رایگەیاندووە: “بۆ ئەگەری بەرز بوونەوەی ئاو لەکاتەکانی بەیانی زوو کاتژمێر چوار تاوەکوو حەفت لە رۆژی هەینی هەیە کە زیاتر ناوچەکانی باکوورو باکووری خۆرئاوی شاری هەولێر دەگرێتەوە”.