کلیلەکەی درایەوە دەست ژنە بە تەمەنەکە … پارێزگارى هه‌ولێر كێشه‌كه‌ى چاره‌سه‌ر كرد

دواى ئه‌وه‌ى هەفتەی ڕابردوو ئافرەتێکی هەولێر لە ڕێگەی دادگای بەرایی هەولێرەوە ئاگادار کرایەوە کە خانووەکەی چۆڵ بکات، چونکە ”زەویی خانووەکە بە نایاسایی مامەڵەی پێوە کراوە“. ئه‌مرۆ پارێزگاری هەولێر گرفتى ئه‌و ئافره‌ته‌ى چارەسەر كرد و خانووەکەی بۆ دەگەڕێنێتەوە كه‌ حه‌فته‌ى ڕابردوو خانووه‌كه‌ى لێسه‌ندرا .

ئۆمێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، ئەمڕۆ یەکشەممە 27-2-2022، گوتى: دوای ئەوەی لە کەناڵەکانی راگەیاندن بڵاوکرایەوە کە ژنێکی بە تەمەن لە رێگەی دادگاوە خانووەکەی لێوەرگیراوەتەوە، وەک پارێزگای هەولێر بەدواداچوونمان بۆ کرد، بۆ ئەوەی هۆکارەکەی بزانین، بۆمان دەرکەوت زیاتر لە 30 ساڵە ئەو زەوییە بەبێ ئاگاداری و ویستی خانووەکەی فرۆشراوە، ئەو ئافرەتەش کەسی یەکەم نەبووە خانووەکەی کڕبێت، بەڵکو کەسی چوارەم بووە لەنزیکەوە ئاگاداری کێشەکەن، ئەو زەوییە بەبێ ئاگاداریی خاوەنەکەی چوار جار کڕین و فرۆشتنی پێوە کراوە، لە کۆتاییدا ئەم ئافرەتە بەتەمەنە کڕیویەتی، بەڵام دواتر خاوەنەکەی بەناوی باسل گۆرگیس حەنا داوای زەوییەکەی کردووەتەوە و دادگا لە بەرژەوەندی ئەو بڕیاری دا خانووەکە لەو ئافرەتە وەربگیرێتەوە.

پارێزگارى هه‌ولێر گوتيشى: لەگەڵ خاوەنی زەوییەکە قسەیان کردووە و ئێستا ئەو ئافرەتە بەتەمەنە دەچێتەوە ناو خانووەکەی خۆی.

پارێزگاری هەولێر، راشیگەیاند: “ئەمڕۆ ژنە بە تەمەنەکە دەگەڕێتەوە ناو خانووەکە و سوپاسی هەڵوێستی باسل دەکەین و بەڵێنمان پێداوە کە بابەتەکە رێچکەی یاسایی خۆی بگرێت و پشتیوانی دەکەین، بۆ ئەوەی مافی ئەو بسەندرێتەوە”.

هاوكات ئافرەتەکە کە ناوی نەرمین محەمەد عومەرە، سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری هەولێری کرد لەپای بەدەنگەوەهاتنیان بۆ ئەو کێشەیە و چارەسەرکردنی.

باسل گۆرگیس حەنا خاوەنی بنەرەتیی خانووەکە بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: ئێمە کە کریستیان و عێراقین، هەولێر بە ماڵی خۆمان دەزانین، دەمانەوێ هەولێر هەمیشە بە ئارامی و پارێزراوی و پێشکەوتوویی بمێنێتەوە“.

ئاماژەی بەوەش کرد، رێگە بەخۆی نادات بەهۆی ئەوەوە ئافرەتێکی بەتەمەن ”کە وەک خوشکی من وایە“ بکەوێتە سەر شەقام و ”من خۆم جارێکی دیکە دەرگای خانووەکەی بۆ دەکەمەوە و دەیبەمەوە ماڵەکەی خۆی“.

 

Back to top button