سبه‌ى له‌ په‌رله‌مانى عێراق پێشانگايه‌كى فۆتۆگرافى بۆ ساڵيادى كۆچى دواى “بارزانى نه‌مر” ده‌كرێته‌وه‌

بڕيار وايه‌ سبه‌ى سێشه‌ممه‌، 1-3-2022، له‌ ساڵڕۆژى كۆچى دوايى ( بارزانى نه‌مر ) له‌ نێو باڵه‌خانه‌ى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ئه‌م ياده‌ به‌رز ڕابگيرێت و پێشانگايه‌كى فۆتۆگرافى بكرێته‌وه‌.

فراكسيۆنى پارتى ديموكراتى كوردستان له‌په‌رله‌مانى عێراق له‌ داوه‌تنامه‌يه‌كدا كه‌ ئاڕاسته‌ى په‌رله‌مانتارانى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقى كردووه‌ بۆ ئاماده‌بوونيان له‌ پێشانگايه‌كى فۆتۆگرافى به‌ بۆنه‌ى 1 ى ئادار ساڵيادى كۆچى دوايى ( بارزانى نه‌مر ) كه‌ له‌ كاتژمێر 11 ى به‌يانى سبه‌ى سێشه‌ممه‌ له‌ باڵه‌خانه‌ى په‌رله‌مانى عێراق به‌رێوه‌ده‌چێت.

 

وێستگه‌كانى تێكۆشان و خه‌باتى “بارزانی نه‌مر”

مسته‌فا بارزانی رێبه‌ری بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كوردستان، كوڕى شێخ محه‌ممه‌د بارزانیه‌ و له‌ گوندى بارزان له‌ 14ى ئازارى 1903 له‌دایكبووه‌، له‌ ته‌مه‌نى 3 ساڵیدا له‌ لایه‌ن عوسمانییه‌كانه‌وه‌ له‌ دواى نسكۆى شۆڕشى بارزان، شێخ عه‌بدولسه‌لامى براى گه‌وره‌ى ده‌ستگیركرا و مسته‌فا بارزانى و دایكیشى له‌ مووسڵ خرانه‌ زیندانه‌وه‌.

ماوه‌ى شه‌ش ساڵ له‌ لاى چه‌ند مامۆستایه‌ك له‌ گوندى بارزان سه‌رقاڵى خوێندن بووه‌ و دواتر روویكردووه‌ته‌ خوێندنى فیقهى ئیسلامى و ماوه‌ى چوار ساڵ زانسته‌ ئاینییه‌كانى خوێندووه‌ و دواتریش له‌ ماوه‌ى دووخرانه‌وه‌ى بۆ سلێمانى هه‌وڵى ته‌واوكردنى خوێندنى داوه‌.

له‌ وێستگه‌كانى تێكۆشان و خه‌باتى مسته‌فا بارزانی، له‌ 1919 به‌شداریكردووه‌ له‌ جوڵانه‌وه‌ى شێخ مه‌حموودى حه‌فید له‌ سلێمانى و سه‌رپه‌رشتى تیپێكى چه‌كدارى كردووه‌ كه‌ ژماره‌یان 300 چه‌كدار بووه‌. له‌ 1920دا شێح ئه‌حمه‌دى بارزان، برا گه‌وره‌ى، وه‌ك نوێنه‌ر ره‌وانه‌ى باكوورى كوردستانى ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى سه‌ردانى شێخ سه‌عیدى پیران بكات و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ شۆڕشه‌كه‌ى درووست بكات.

له‌ نێوان ساڵانى 1931 – 1932 سه‌رپه‌رشتى هێزێكى بارزانییه‌كان ده‌كات بۆ به‌رگریكردن له‌ میحوه‌رى مێرگه‌سۆر – شێروان له‌ به‌رامبه‌ر هێزى داى ئینگلیزه‌كان و له‌و شه‌ڕه‌دا به‌ هۆى چاپووكى و كارزانییه‌وه‌ ناوبانگێكى زۆرى به‌ده‌ستهێنا و توانى میحوه‌ره‌كه‌ى بپارێزێت.

له‌ 1934دا له‌گه‌ڵ شێخ ئه‌حمه‌دى بارزانى و هه‌ندێك له‌ پیاوه‌كانیان روویان كرده‌ توركیا بۆ ئه‌وه‌ى داواى مافى په‌نابه‌رێتى بكه‌ن و دواتر به‌ هۆى وتوێژه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ عێراق و له‌ لایه‌ن ئینگلیزه‌كان و ده‌سه‌ڵاتى ئه‌و كاته‌ى عێراقه‌وه‌ بۆ باشوورى عێراق دوورخرانه‌وه‌. دواتر گه‌ڕێندرانه‌وه‌ سلێمانى و ماوه‌ى 10 ساڵ به‌ دوورخراوه‌یى ژیانیان به‌سه‌ر برد.

له‌ 12ى ته‌مموز/ یۆلیۆى 1943دا به‌ هاوكارى رێكخراوى هیوا توانى له‌ سلێمانى خۆی ده‌ربازبكات و بچێته‌ رۆژهه‌ڵاتى كوردستان.

له‌ هه‌مان ساڵى 1943 دا له‌ ئێرانه‌وه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ ناوچه‌ى بارزان و ژماره‌یه‌ك گه‌نج له‌ده‌ورى كۆبوونه‌وه‌ و له‌ ماوه‌ى دوو مانگدا 2000 چه‌كدارى خۆبه‌خش ئاماده‌ییان بۆ جێبه‌جێكردنى فه‌رمانه‌كانى ده‌ربڕى و توانیان ده‌ستبگرن به‌سه‌ر زۆرینه‌ى بنكه‌كانى پۆلیسى ناوچه‌كه‌دا.

له‌ پایزى 1943دا حكومه‌تى به‌غدا شاندێكى ره‌وانه‌ى بارزان كرد بۆ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ بارزانى وتوێژ بكه‌ن و شه‌ڕ بوه‌ستێت و مسته‌فا بارزانیش مه‌رجى ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو، كه‌ ده‌بێت سه‌رجه‌م دوورخراوه‌كان و شێخ ئه‌حمه‌دى بارزان بگه‌ڕێنه‌وه‌ و دانووستان كۆتایى هات و حكومه‌تى نورى سه‌عید هه‌موو مه‌رجه‌كانى مسته‌فا بارزانى جێبه‌جێ كرد.

له‌ 1943 – 1945 شۆڕشى بارزانى له‌ دژى حكومه‌تى عێراق كه‌ له‌ لایه‌ن بریتانیاوه‌ پشتیوانى لێده‌كرا سه‌ریهه‌ڵدا و له‌و جاره‌دا شۆڕش ناوچه‌یه‌كى فراوانترى كوردستانى گرته‌وه‌. له‌ 11ى ئایار/ مایۆى 1945دا بارزانى و پێشمه‌رگه‌كانى روویان كرده‌ رۆژهه‌ڵاتى كوردستان.

له‌ 22ى كانوونى دووه‌م/ یه‌نایرى 1946 بارزانى له‌ مه‌راسیمى راگه‌یاندنى كۆمارى كوردستان له‌ مهاباد به‌شدارى كرد و له‌ لایه‌ن سه‌رۆك كۆمارى كوردستانه‌وه‌ قازى محه‌ممه‌د، بارزانى كرایه‌ فه‌رمانده‌ى سوپاى كۆمارى كوردستان و پله‌ى جه‌نه‌راڵى سه‌ربازى پێ به‌خشرا.

له‌ 16ى ئاب/ ئۆگستى 1946دا بارزانى پارتى دیموكراتى كوردستانى عێراقى دامه‌زراند و وه‌ك سه‌رۆكى پارته‌كه‌ هه‌ڵبژێردرا و له‌ سه‌رجه‌م كۆنگره‌كانى حزبدا كه‌ هه‌ندێكیان ئاماده‌نه‌بوو، وه‌ك سه‌رۆكى پارتى هه‌ڵبژێردرایه‌وه‌.

دواى نسكۆى كۆمارى كوردستان له‌ 1947 رێڕۆیشتنى مێژوویى به‌ره‌و یه‌كێتى سۆڤیه‌تى جاران ئه‌نجامدا و بارزانى ئاماده‌ نه‌بوو خۆى راده‌ستى ده‌سه‌ڵاتى شاهه‌نشایى ئێران بكات و به‌ پێ خۆى و 500 چه‌كدارى روویان كرده‌ یه‌كێتى سۆڤیه‌ت و له‌و رێڕۆیشتنه‌شدا رووبه‌ڕووى سوپاكانى عێراق و ئێران و توركیا بوونه‌وه‌. رۆژى 17ى حوزه‌یران/ یۆنیۆى 1947 بارزانى و یاوه‌ره‌كانى له‌ رووبارى ئاراس په‌ڕینه‌وه‌ و گه‌یشتنه‌ یه‌كێتى سۆڤیه‌ت.

له‌ یه‌كێتى سۆڤیه‌تدا كه‌ ستالین سه‌رۆكى یه‌كێتییه‌كه‌ بوو، مامه‌ڵه‌یه‌كى توند له‌گه‌ڵ بارزانى و یاوه‌رانى ده‌كرا و تا دواى مردنى ستالین له‌ 1953 هه‌ندێك ره‌وشى ژیانیان باش بوو. له‌ رووسیا، سه‌ره‌ڕى تێپه‌ڕینى 45 ساڵ له‌ ته‌مه‌نى بارزانى له‌ ئه‌كادیمیاى زمانه‌كان له‌ مۆسكۆ ده‌ستیكرد به‌ خوێندنى ئابوورى و جوگرافیا و زانست و زمانى رووسى.

له‌ دواى شۆرشى چوارده‌ى ته‌مموزى 1958 بارزانى و یاوه‌ره‌كانى گه‌ڕانه‌وه‌ عێراق و له‌ به‌سره‌وه‌ تا هه‌ولێر جه‌ماوه‌ر پێشوازى لێكردن.

عه‌بدولكه‌ریم قاسم، سه‌رۆك كۆمارى عێراق له‌ 7ى تشرینى یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌رى 1958 پێشوازى له‌ بارزانى و یاوه‌رانى كرد.

له‌ 11ى ئه‌یلوولى 1961 تا 1975 بارزانى رابه‌رایه‌تى گه‌وره‌ترین شۆرشى چه‌كدارى له‌ دژى ده‌سه‌ڵاتدارانى به‌غدا كرد و شۆڕشه‌كه‌ى 15 ساڵى خایاند و تێیدا چه‌ندین ده‌ستكه‌وتى نه‌ته‌وه‌یى و نیشتیمانى بۆ خه‌ڵكى كوردستان به‌ده‌ستهێنا.

له‌ 11ى ئازارى 1970 بارزانى و حكومه‌تى عێراق له‌سه‌ر پڕۆژه‌ى ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان رێككه‌وتن و ئه‌وه‌ یه‌كه‌مجار بوو له‌ مێژووى كوردستاندا شۆڕشێكى كوردیى به‌ 9 ساڵ خه‌بات بتوانێت ئه‌و ده‌ستكه‌وته‌ بۆ كورد به‌ده‌ستبهێنێت. له‌ 6ى ئازارى 1975 به‌ هۆى رێككه‌وتنى سه‌دام حوسێن و محه‌ممه‌د ره‌زا شاى ئێران له‌ جه‌زائیر شۆڕشى ئه‌یلوول تووشى نسكۆ بوو و به‌و هۆیه‌وه‌ بارزانى و هه‌زاران پێشمه‌رگه‌ى شۆڕشه‌كه‌ رێگه‌ى ئاواره‌ییان هه‌ڵبژارد.

له‌ دواى نسكۆى 1975 جارێكى دیكه‌ بارزانى چاودێرى و سه‌رپه‌رشتى دانانه‌وه‌ى به‌ردى بناغه‌ى شۆڕشى كرد.

له‌ 1ى ئازار/ مارسى 1979 مسته‌فا بارزانى له‌ ئه‌مریكا به‌ هۆى نه‌خۆشییه‌وه‌ كۆچى دواییكرد له‌ 5/3/1979 له‌سه‌ر وه‌سیه‌تی خۆی له‌ شاری (شنۆ) ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له‌سه‌ر سنووری باشووری کوردستان و باكووری کوردستان ئه‌سپه‌رده‌ی خاکی پیرۆزی کوردستان كرا.

دواى راپه‌ڕینى ئازارى 1991، ته‌رمى مسته‌فا بارزانى و ئیدریس بارزانى كوڕى، له‌ ئارامگه‌ى خۆیان له‌ شنۆوه‌ گواسترایه‌وه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان و له‌ شوێنى له‌دایكبوونى و له‌ ناوچه‌ى بارزان به‌خاك سپێردرا.

له‌ ماوه‌ى ژیانیدا دوو جار مسته‌فا بارزانى له‌ هه‌وڵى تیرۆركرانى به‌ موعجیزه‌ رزگارى بووه‌، یه‌كێكیان له‌ 29ى ئه‌یلوولى 1971 و دووه‌میشیان له‌ 16ى ته‌مموزى 1972دا، به‌ڵام هه‌ردووجاره‌كه‌ له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵكى كوردستان و پاراستنى ئاشتى و سه‌قامگیرى كوردستان و درووستنه‌بوونى شه‌ڕ رێككه‌وتنى ئازارى 1970ى له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌ڵنه‌وه‌شانده‌وه‌.

 

 

Back to top button