نهێنی ئەو پیت و هێما سپیانەی لەسەر کەرەستە سەربازییە ڕووسیەکانی جەنگی ئۆکراينا دەبیندرێن چيه‌!

لەگەڵ پێشکەوتنی هێزەکانی سوپای ڕووسیا و بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆ و وێنەکانیان، هێما سپیەکانی سەر تانک و زرێپۆش و ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی ڕووسیا بوونەتە جێی سەرنجی خەڵک و پرسیاری زۆری لەسەر درووستبووە. لێرەدا دەمانەوێت بەکورتی نهێنی هێماکانتان بۆ شی بکەینەوە.

دەوڵەتی ئۆکرانیا بۆماوەی 72 ساڵ لەناو یەکێتی سۆڤیەتدابووە، زۆرینەی ئەو چەکانەی سوپای ئۆکرانیا بەکاردەهێنێت مۆدێلی یەکێتی سۆڤیەتن و بەمیرات بەجێماون. زۆرینەی تانک و زرێپۆش و تۆپخانە و ئۆتۆمبێلە شەڕەکەرەکانی ئۆکرانیا ڕووسین و سۆڤیەتین هەندێکیان تەنها ئەبدەیت کراونەتەوە دەنا هەمان شێوە و مۆدێلی ڕووسیەکانن. هێزەکانی سوپای ڕووسیاش بۆئەوەی کەلوپەلەکانی خۆیان بناسنەوە و جیاوازی بکەن لەنێوان کەرەستە سەربازییەکانی خۆیان و ئۆکرانیەکان بەڕەنگی سپی هێمای جیاوازیان لەسەر دەنووسن، تاوەکو هێزەکانی پیادە و هێزی ئاسمانی و هێزەکانی تر لەکاتی هێرشبردندا تووشی هەڵەنەبن و کەرەستەکانی خۆیان بەئامانج نەگرن. هەتا ئێستا زیاتر لە دە هێمای جیاواز بە کەرەستە سەربازییە ڕووسیەکانەوە بینراوە کە دەکرێت هەریەکەیان ئاماژەیەکی تایبەت بن بۆنموونە:

پیتی Z : ئەو هێمایە بەو تانک و زرێپۆشە ڕووسیانەوە بینراوە کە لە خارکیف و سووم هێرشیان کردووە و لەشەڕدان، ئەمەش دەکرێت ئاماژەبێت بۆ جیاکردنەوەی ئەو هێزە سەربازیانەی ڕووسیا کە لەقۆڵی ڕۆژهەڵاتەوە هێرشیان کردۆتە سەر سنورەکانی ئۆکرانیا و ئەرکیان گرتنی رۆژهەڵاتی ڕووباری نیپەرە.

پیتی Z لەناو چوارگۆشەیەکی سپیدا: ئەم هێمایە لەسەر ئەو تانک و زرێپۆشانەی ڕووسیا نەخشێندراوە کە لە بەرەکانی شەڕی بێردیانسک و خیرسۆن لەشەڕدان و پێشڕەویان کردووە، ئەمەش دەکرێت ئاماژەیەک بێت بۆ جیاکردنەوەی ئەو بەشەی سوپای ڕووسیا کە لە نیمچەدوورگەی کریمەوە هاتوونەتە ناو خاکی ئۆکرانیا و ئەرکیان کۆنتڕۆڵکردنی باشوری ئۆکرانیایە.

پیتی O : هێزەکانی سوپای ڕووسیا شاری کیڤی پایتەختی ئۆکرانیایان ئابڵوقەداوە، ئەم هێمایەش بەزۆری بەسەر ئەو تانک و زرێپۆش و ئۆتۆمبێلانەوەیە کە لەدەرووپشتی کیڤ لەشەڕدان، ئەمەش دەکرێت بۆ جیاکردنەوەی ئەو هێزانەبێت کە لەسنورەکانی بیلاڕووسیاوە هاتوونەتە ناو ئۆکرانیا و ئەرکیان کۆنتڕۆڵکردنی شاری کیڤ و بەشی باکوری ئۆکرانیایە.

پیتی V: ئەو هێزانەی لەدەریای ئازۆڤەوە دابەزینە ناو شاری بێردیانسک و کۆنتڕۆڵیان کرد، کەرەستەکانیان بە پیتی V ی سپی نەخشێندرابوون ئەمەش دەکرێت ئاماژەیەک بێت بۆ هێزەکانی مارێنزی ڕووسیا و ئەرکیان هێرشکردنە سەر شارەکانی نزیک کەنار دەریاچەی ئازۆڤ و دەریای ڕەش بێت. لەهەمان کاتدا هێمای V لەسەر ئۆتۆمبێلی هێزە تایبەتەکانی چیچانیش بینراوە.

پیتی X: هێزە چیچانیەکان کەرەستەکانیان بە پیتی X نەخشاندووە و ئاماژەیەکە بۆ هێزەکانی سوپای چیچان کە کۆمارێکی سەر بە ڕووسیایە و ڕاستەوخۆ لەدوای ڕاگەیاندنی شەڕ لەلایەن ڕووسیاوە بۆ هاوکاریکردنی سوپای ڕووسیا پەیوەندیان بە بەرەکانی شەڕەوە کردووە.

پیتی A: هێمای پیتی A لەسەر ئەو کەرەستە سەربازییانە بینراوە کە لەلایەن هێزە تایبەتەکانی ڕووسیاوە بەکاردەهێندرێن ئەمەش دەکرێت ئاماژەیەک بێت بۆجیاکردنەوەی هێزە تایبەتەکانی ئەلفا و سپێتزناز و سۆبر.

بێجگە لەوانە کۆمەڵێک شێوەی ئەندازەیی جیاوازیش دەبیندرێن لەسەر کەرەستەکان لەوانە چواگۆشە و سێ گۆشە و بازنە، یان بەتەنهان یاخود بەدەوری پیتەکان کێشراون. ئەوانیش دەکرێت ئاماژەی دیکەبن بۆ جیاکردنەوەی ئەرکی هێزە جیاوازەکان. لەوانە دەکرێت سێ گۆشە بۆ ئەو هێزانە بێت کە هێرش دەبەن و چوارگۆشە بۆ ئەوانە بێت لەپشتەوە ناوچەکۆنتڕۆڵکراوەکان دەکەن.

یەکێکی تر لە هێما دیارەکان ژمارەکانن، کە کۆمەڵێک ژمارەی جیاواز بەڕەنگی سپی لەناو چوارگۆشەدا نەخشێندراون، ئەمانەش پێدەچێت بۆ جیاکردنەوەی یەکە جیاوازەکانی سوپا بێت چونکە تێبینیمان کردووە سەرجەم ئەو کەرەستانەی ژمارە 10 لەناو چوارگۆشەدا لەسەری نەخشێندراون ئەو ئۆتۆمبێلانەن کەوا لە خزمەتی هێزی تۆپخانەی سوپادان.

نەخشاندنی هێما لەسەر کەرەستە سەربازییەکان و تەنانەت جل و بەرگی سەربازەکانیش مێژووێکی دێرینی هەیە، بەزۆری بۆ پێدانی ئاماژەی نهێنی و جیاکردنەوەی هێزەکان و دیاریکردنی ئامانجەکانیان بەکارهێنراون. زۆرترین جاریش هێزە یاخیەکان بەکاریانهێناون لەکاتی کودەتادا بەسەر حکومەتی ووڵاتەکانیاندا تاوەکو ئەندامەکانیان بتوانن کەرەستەکان لەو هێزانە جیابکەنەوە کە بەرگری لە حکومەتی ووڵات دەکەن چونکە هەردووک ئەندامی هەمان سوپان و هەمان کەلوپەل و کەرەستە و جل بەکاردەهێنن.

سه‌رچاوه‌: سه‌نته‌رى رۆشنبيرى و هوشيارى پێشمه‌رگه‌ mopeaw.org

 

Back to top button