كورد، نە چەتەیە و نە سواڵكەر
بهرههم عهلى
ساڵانێكە، بە سپۆنسەریی دەوڵەتە داگیركەرەكانی كوردستان و بە كارایی و دەست و دەم و قەڵەمی خۆفرۆشانی كورد، ماشێنێكی زەبەلاحی میدیایی لەم كوردستانەی خۆماندا بۆ ئەو مەبەستە خراوەتە گەڕ كە مرۆڤی كورد لەم نیشتمانەدا هەست بكات (سواڵكەرە و خێری پێ دەشێ!)، ئەوان دەیانەوێ هەرچی یاخیبوون و راپەڕین و شۆڕش و قوربانیدانی گەورەی خەڵكی كوردستانە، سفر بكەنەوە و بڵێن هەرچیمان دەست كەوتووە، داگیركەرانی كوردستان خێریان پێ كردووین! و ئەگەر مووچەشمان بدەنێ، ئیتر نە ئێمە سیفەتی (میللەتێكی داگیركراو و ماف لێزەوتكراو)مان دەمێنێ و نە ئەوانیش سیفەتی (داگیركەر)یان دەدرێتە پاڵ!
ئای لەو یارییە پۆخڵەی ئەمانە لەڕێی میدیای (كوردی زمان)ەوە دەیكەن، پاش مێژوویەكی قووڵی كورد لەسەر ئەم خاكە كە زیاتر لە پێنج هەزار ساڵە، پاش زیاتر لە یەك سەدە لە قوربانیدان و دوای سەدان هەزار شەهید و چەندین شۆڕش و راپەڕین و بزووتنەوەی نەتەوەیی، پاش تاقیكردنەوەی هەرچی جۆری چەكی كۆمەڵكوژ هەیە لەسەر كورد، دوای چەندین جۆر لە جینۆساید و پاكتاوكردنی نەتەوەیەك، دوای زەحمەت و خەباتی هەزاران زیندانیی سیاسیی ئازادیخواز، تازە بە تازە خۆفرۆشانی كورد بە دەهۆڵی داگیركەر هەڵدەپەڕن و دەیانەوێ وا لە مرۆڤی كورد بگەیەنن كە ئەم هەموو مێژووە لە خەبات و قوربانیدان بۆ (مووچە) بووە! ئەمانە دۆخێكیان دروست كردووە كە هەر كەسێك (جگە لە مووچە) باسی مافە نەتەوەییەكانی كورد بكات، پێی بڵێن: ”تێر ئاگای لە برسی نیە!“
ئەمڕۆ لە پرێسكۆنفراسەكەیدا لە هەولێر، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پەیامی زۆر گرنگ و رژد و وردی بە گوێی دەسەڵاتدارانی بەغدادا دا، زانیاری و قسەی گرنگیشی كرد لەبارەی دۆخی ئابووریی هەرێمی كوردستانەوە، بەڵام بە ڕای من پەیامی هەرە گرنگی كە بە گوێی هەموو جیهان و بەتایبەتییش دەسەڵاتدارانی عێراقیدا دا، ئەوە بوو كە گوتی: ”خەڵكی هەرێمی كوردستان سواڵكەر نین تا هەموو دەم لە دەرگای بەغدا بدەن بۆ مووچە و بودجە، ئەگەر ئێمە هاووڵاتیی عێراقیین، مافمان هەیە لەم وڵاتەدا و ئەوەش دەستوور با حەكەم بێت“.
دەزانم ئەوانەی كە دەیانەوێ كورد وەك (سواڵكەر) بناسێنن، ئەوانەی كە وا لە هاووڵاتیی كورد دەكەن تەنیا (مووچە) بە خواستی خۆی بزانێت لە عێراقدا، چەند ئەم قسەیەی مەسرور بارزانییان لەبەر دڵ گرانە و چەند پێیان ناخۆشە كە سەركردەیەكی گەنجی كورد هاوار بكات: ”ئێمە سواڵكەر نین“، بەڵام ئەوەی سەرۆكی حكوومەت گوتی قسە راستیەكەی دڵی هەموو كوردێكی خاوەن ئیرادە و نیشتمانپەروەرە.
ئەگەر خواستی كورد تەنیا (مووچە) بوایە لە خاكە داگیركراوەكەیدا، هەموو رژێمێكی داگیركەری كورد دەیتوانی مووچەی باشمان بداتێ و واز لە مافە نەتەوەییەكانمان بهێنین، ئەگەر خواستی كورد تەنیا مووچە بوایە، بەدڵنیاییەوە حكوومەتە داگیركەرەكان و بەتایبەتییش رژێمی بەعس، هەمیشە ئامادە بوو هەموو ئەو سەركردە و پێشمەرگانەی كوردستان كە لە شاخ بوون و شۆڕشیان دەكرد، بانگ بكاتەوە بۆ ناو شار و وەك جاشەكان مووچەی باشیان بۆ ببڕێتەوە.
ئەگەر خواستی كورد تەنیا مووچە بوایە، خۆ زۆربەی رۆشنبیر و شاعیرە مەزنەكانی كورد كە لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا تا كۆتاییەكەی، دژی دەسەڵاتی داگیركەران هاواریان لێ هەڵدەستا و زیندانی دەكران و لەسێدارە دەدران و گۆڕبزر دەكران، مووچەخۆری حكوومەت بوون، بەڵام بۆچی ژیان و ئەدەب و توانا هزرییەكانی خۆیان بۆ دژایەتیی داگیركەرانی كوردستان تەرخان كرد؟ خۆ ئەوان لەڕووی داراییەوە مووچە و گوزەرانیان لە خەڵكی تر باشتر بوو، ئەی چۆن پزیشكێك، ئەندازیارێك فەرمانبەرێك، لە سەردەمی بەعسدا وازی لە مووچە و وەزیفە خۆی دەهێنا و رووی دەكردە شاخ بۆ پێشمەرگایەتی؟ خۆ بۆ ئەوانیش ناڵێن: ”ئاخر تێر ئاگای لە برسی نیە!“.
لە حەفتاكانی سەدەی بیستەمدا، دوای نسكۆی شۆڕش، كاتێ بارزانیی نەمر بۆ چارەسەری نەخۆشی لە ئەمریكا بوو، ئەحمەد حەسەن بەكری سەركۆماری ئەودەمی عێراق، نامەیەكی تایبەت بۆ بارزانیی نەمر دەنێرێت، نامەكە لەلایەن پێشمەرگەی دێرین و كەسایەتیی ناسراوی كورد عزەت سلێمان بەگی دەرگەڵە، دەگەیەنرێتە دەست بارزانیی نەمر لە ئەمریكا، لەو نامەیەدا ئەحمەد حەسەن بەكر بۆ بارزانی دەنووسێت كە ئامادەیە رێگە بدات بارزانی بگەڕێتەوە بۆ عێراق و بڕیاری (لێبوردنی تایبەت) بۆ بارزانی دەربكات و چیشی پێویست بێت بۆی بكەن، بارزانی لە وەڵامدا بۆ ئەحمەد حەسەن بەكری سەركۆماری عێراق دەنووسێت: ”من چەتە و رێگر نیم تا بڕیاری لێبوردنم بۆ دەربكەیت، من دۆزی نەتەوەیەكی خاوەن قەزیەی مافخوراو و ستەملێكراوم لەئەستۆیە…“…
جا هیوادارم ئەوانەی دەیانەوێ كورد وەك (سواڵكەر) رەفتار بكات، لەو دوو پەیامەی هەردوو بارزانی تێبگەن، كورد نە چەتە و رێگرە و نە سواڵكەرە، تا تەنیا بە مووچە رازی بكرێین.
لەگەڵ هەموو ئەو بەڕێزانەدام كە دەڵێن: با لە هەرێمی كوردستان چاكسازی بكەین، با گەندەڵی بنبڕ بكەین، با یاسا بەهێز بكەین، با گەندەڵكاران موحاسەبە بكەین و توندترین سزایان بدەین، با مووچەی کارمەندانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتی خۆیی و بێ دواکەوتن و لێبڕین بدرێت، با ئاشتی و تەبایی لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستاندا ئارا بكەین، هەموو ئەمانە دروست و رەوان و دەبێ بكرێن، بەڵام بیرتان بێ، ئێمە سواڵكەر نین و مافی كورد و كوردستان تەنیا مووچە نیە، كەسیش پێم نەڵێ: تێر ئاگای لە برسی نیە!