مەسرور بارزانی و وەزیری گواستنەوەی عێراق کۆ بوونەوە
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە وەزیری گواستنەوەی عێراق کرد و گفتوگۆیان دەربارەی پەرەپێدانی هەماهەنگیی و هاریکاری نێوان هەرێمی کوردستان و حكوومەتی فیدراڵی لە بواری گواستنەوە وگەیاندن کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ی ئاداری 2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە ناسر حسێن ئەلشبلي وەزیری گواستنەوەی عێراق کرد و لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی هەماهەنگیی و هاریکاری نێوان هەرێمی کوردستان و حكومەتی فیدراڵی لە بواری گواستنەوە وگەیاندن کرا، بەتایبەتی لە ڕووی بەستنەوەی شارو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەیەکتر و پاشان بە وڵاتانی دەوروبەر وجیهان لە ڕێگەی هێڵێکی پێشکەوتووی ئاسنینەوە.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا ئەوەش خرایە روو کە زیادکردنی گەشتە ئاسمانییە ناوخۆییەکان، کە کاریگەرییەکی باشیان دەبێت لەڕووی پێشخستنی ژێرخانی ئابووری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشەپێدانی پیشەسازی وگەشتوگوزار، جەختیش لەوە کرایەوە کە پێویستە ئەنجامدانی ئەم پرۆژە ستراتیجیانە، بە شێوەیەک بێت، لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییان و پێکهاتە جیاوازەکانی عێراقدا بێت.