لە سەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکومەت ڕێواری تەمەن یازدەساڵ دەگەرێندرێتەوە هەرێمی کوردستان
![](https://xwakurk.com/wp-content/uploads/2022/03/qalb-1.jpg)
ڕێواری تەمەن یازدەساڵ بە هۆی ئەوەی تەواوی ئەندامانی خێزانەکەی بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێک گیانیان لە دەستدا بە تەنیایی مابۆوە
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە رێکەوتی ٣/٣/٢٠٢٢ لە ئەسینای پایتەختی یۆنان، (رێوار ڕێبوار)ی تەمەن ١١ ساڵ، رادەستی نوێنەری راسپێردراوی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە کراو بڕیارە بەرەبەیانی سبەی هەینی بگاتەوە هەرێمی کوردستان.
رێوار ، لە رێکەوتی ٢١/١٢/٢٠٢١ لە رووداوی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێک کە ژمارەیەک کۆچبەری نایاسایی تێدابوو، دوای لەدەستدانی دایک و باوک و خۆشک و براکانی، لەگەڵ چەند کەسێکی تر رزگاری بوو.
ئەوکات سەرۆکی حکومەتی هەرێم، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی راسپارد کە رێوار بگەڕێندرێتەوە ناو کەس و کارەکەی لە هەرێمی کوردستان. ئەمەش لەدوای ئەوەی کە خانەوادەکەی ئەم داواکاریەیان ئاراستەی سەرۆکی حکومەت کرد.
لەبەر بچووکی تەمەنی و دۆخی نالەباری، بۆ ماوەیەک رێوار لە ژێر چاودێری پزیشکی دابوو، دوای دڵنیابوون لە دۆخی تەندروستی و تەواو بوونی رێکارە یاساییەکان، ئەمڕۆ ڕادەستی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە کرا.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی حکومەتی کۆماری یۆنان و کونسوڵگەری گشتی ئەو وڵاتە لەهەرێم و باڵیۆزخانەی عیراقی فیدڕاڵ لە ئەسینا دەکات لەبەرامبەر ئەو هاوکاری و هەماهەنگیەی لەو دۆسیەیەدا پێشکەشیان کرد.