بارزانی، ١١ئادار و دوو وانە بۆ ئەمڕۆ
ئاسۆ حاجی
چل و حەفت ساڵ پێش ئێستا شۆڕشی كوردستان بە سەرۆكایەتی مستەفا بارزانی حكومەتی عێڕاقی ناچار كرد ڕێكەوتنی ئادار مۆر بكات و دان بە مافە نەتەوەیی و نشتیمانیەكانی گەلی كوردستان دا بنێ،ئەگەرچی ڕێكەوتنەكە سەد لە سەد وەدیهێنەری داخوازیەكانی گەلی كوردستان نەبوو بەڵام لە لە مێژووی دەوڵەتی بەزۆر لێكدراوی عێڕاق باشترین بوو.
لە ڕێكەوتنی ئاداری ١٩٧٠تا ڕێكەوتنی شومی ئاداری ١٩٧٥ شۆڕشی كوردستان و سەرۆكەكەی بارزانی مستەفا لە ڕێگای نوێنەرەكەی ئیدریس بارزانی كە سەرۆكایەتی شاندی شۆڕشی دەكرد دوو هەڵوێستی مێژوویان تۆماركرد كە یەك مانایان هەیە و ئەو مانایەش تا ئێستا لە بیردانكی تاكی كوردستانی درێژ دەبێتەوە و بۆ كۆكردنەوەی لایەنەكان لە دەوری پرسە چارەنووس سازەكان و یەكخستنەوەی گووتاری كوردستانی لە بەرامبەر قۆناغی داهاتوو كە لە زۆر ڕوەوە یەكلایی كەرەوە دەبێت،هەڵوێستە مێژوویەكانی شۆڕش ئەوانە بوون:
یەكەمینان كە لە گرنگی و واتاوە هاوتای ئەوەی دووەمە،حكومەتی عێڕاق فشاری زۆریان لەسەر مستەفا بارزانی دروستكرد بۆ ئەوەی ئیدریس بارزانی ببێتە جێگری سەرۆك كۆماری عێڕاق كە ئەوەش زامنی پاراستنی یەكپارچەیی عێڕاق دەبێت،بەڵام بارزانی ملی بۆ ئەو فشارانە نەدا بۆیە حكومەتی عێڕاق تاك لایەنانە ئەو بڕیارەی دا و تا نسكۆی شۆڕش بە ڕەسمی ئیدریس بارزانی جێگری سەرۆك كۆماری عێڕاق بووە بەڵام بۆ یەك چركەش بەو پۆستە ڕازی نەبووە بەو باوەڕەی كە كاری ئەوان لە بەغدا نیە بەڵكو كاری ئەوان لە كورستانە لە ناو میللەتی خۆیان.
هەڵوێستی دووەم،بارزانی و شۆڕشەكەی لە ژێر فشاری نێودەوڵەتی زۆر و ئیغرائاتی زۆری حكومەتی عێڕاق ئامادە نەبوو تەنانەت گفتوگۆش دەربارەی دەستبەردار بوونی بستێك لە خاكی كوردستان بكات بە تایبەتیش شاری كەركوك كە بە دڵی كوردستان وەسفی كرد،هەر ئەوەش بوو بووە هۆكاری نسكۆی شۆڕش وەك دەرئەنجامی پیلانگێڕیەكی نێودەوڵەتی،حكومەتی عێڕاق ئامادە بوو نیوەی كەركوك بدا بە كورد بەڵام بارزانی ڕێگەی بە شاندی شۆڕش نەدا تەنانەت بیریش لەو پێشنیارەی حكومەتی عێڕاق بكەنەوە.
بارزانی دەیتوانی ئەو بڕیارە بدات بەڵام لە مێژووی خۆی وەك ڕابەرێك و لە مێژووی گەل و وڵاتەكەی دەترسا،ترسێك كە شۆڕشەكەی و دواتریش خۆی بە قوربان كرد نەك كەڕامەتی میللەتێك.