لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکومەت ،وەزارەتی دارایی ئامادەکاتی دەکات بۆ دابەشکردنی مووچە

 

 

ئەمڕۆ شەممە 5ی ئاداری 2022 ئەنجومەنی ئابووری هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت کۆبووەوە.

 

لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی راپۆرتی لیژنەی سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی ڕێکخستنەوەی باج و رسومات لە سەرجەم وەزارەت و دامودەزگا وپارێزگاکان كرا، ئەم لیژنەیە پێشتر لەلایەن ئەنجومەنی ئابوورییەوە‌ پێکهێنرا بە مەبەستی رێکخستنەوەو پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی ئەو رسومات و کرێ خزمەتگوزاریانەی کە دامودەزگاکانی حکومەت کۆیان دەکەنەوە، لە پێناوی ئەوەی جارێکی تر ئەو داهاتانە بخرێنەوە خزمەتی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان. لەم رووەوە، پوختەی راپۆرتەکە خرایەڕوو کە چەندین پێشنیاری پێویستی بۆ دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەخۆگرتبوو لە پێناوی ڕێکخستنەوەی ئەو رسومات و کرێی خزمەتگوزارییانەی وەردەگیرێن لە ھاووڵاتییان، بەجۆرێک ڕەچاوی بارودۆخی بژێویی وئابووری هاووڵاتی سوودمەند لە خزمەتگوزاریی بکرێت، سەرەڕای برەودان بە گەشەکردنی بازرگانی و ئابووری.

 

لە گرنگترین پێشنیارەکانیش کە لە راپۆرتەکدا هاتبوو، پێداچوونەوە بە یاسا و رێنماییە بەرکارەکان و بایەخی برەودان و پێشخستنی سیستمی ئەلکترۆنی تۆماری داهاتەکان و لابردنی ئاستەنگەکان رووتین و بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان لەسەر داهاتی گشتی ناو ئەو سیستمە ئەلکترۆنیە بۆ ڕای گشتی وخستنەڕووی بوارەکانی خەرجکردنیان بوو.

 

سەرۆکی حکومەت، وێڕای دەستخۆشیکردن لە لیژنەکە بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان بە شێوەیەکی پیشەییانە، جەختی لە گرنگیی پەرەپێدانی سیستەمی ئەلیکترۆنی لە کاروبارەکانی حکومەت و بەتایبەتی بۆ تۆمارکردنی خەرجی و داهاتەکان کردەوە کە دەبێتە هۆی زیادکردنی شەفافیەت و سنووردانان بۆ گەندەڵی و بە هەدەردانی داهاتی گشتی و کەمکردنەوەی رووتین و ئەڵقە زیادەکانی پرۆسەی ڕاییکردنی مامەڵەکانی پەیوەست بە کۆکردنەوەی داهاتی گشتی.

 

دوای گفتوگۆ لەسەر پێشنیارەکان، ئەنجومەنی ئابووری پێشنیارەکانی پەسەندکرد و بڕیاردرا بە جێبەجێکردنیان لە چوارچێوەی پلانێکی تۆكمە‌، بە جۆرێک لایەنی بەرپرسیار وپرۆسەی جێبەجێکردن و ماوەی پێویست بۆ هەر پێشنیارێک دیاری بکرێت. لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، هەروەها گفتوگۆ دەربارەی دۆخی ئابووری و دارایی کرا و جەخت لە پێویستیی ڕێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆیی و نانەوتییەکان کرا، لە هەمانکاتدا هەوڵەکانیش بەردەوامە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و حکومەتی هەرێم درێغی ناکات لە هەوڵدانی جدی بۆ دابینکردنی بودجەی هەرێم ومووچەی مووچە‌خۆران. هەروەها ئەنجومەنی ئابووری، وەزارەتی دارایی و ئابووری راسپارد، ئامادەکاری پێویست بکات بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی دابەشکردنی مووچە.

Back to top button