پارێزگارى ههولێر: ڕێگە بە هیچ کەس نادرێت یاری بە بازاڕ بکات و نرخی خۆراک و پێداویستی لەسەر هاووڵاتییان گران بکات
له راگهيێندراوێكدا پارێزگارى ههولێر دهلێ، ڕێگە بە هیچ کەس نادرێت یاری بە بازاڕ بکات و نرخی خۆراک و پێداویستی لەسەر هاووڵاتییان گران بکات.
له راگهيێندراوهكهى پارێزگارى ههولێر كه ئهمڕۆ یهكشهممه 6/3/2022، له پهیجى فهرمیی خۆى، له تۆڕى كۆمهڵایهتیی (فهیسبووك) بڵاو كردهوه، تێیدا هاتووه:” سهرلهبهیانیی ئهمڕۆ، بە سەرپەرشتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوەند، لە دیوانی پارێزگا بە مەبەستی چاودێریکردنی بازاڕ و ڕێگەگرتن لەو کەس و لایهنانەی یاری بە نرخ و پێداویستییەکانی هاووڵاتییان دەکەن، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ لێژنەی قایمقامیەتی ناوەندی هەولێر و چاودێرى ژوورى بازرگانى ئەنجام درا.
راشيگهياندووه، لە کۆبوونەوەکەدا پارێزگاری هەولێر تەئکیدی لە چاودێریکردنی چڕ و وردی بازاڕ و نرخ و کەلوپەل و پێداویستییەکانی هاووڵاتییان کردەوە، لێژنەی قایمقامیەتی ناوەندی بە سەرۆکایەتیی قایمقام ڕاسپێردرا توندترین ئیجرائات لەگەڵ ئەو کەسانە بکرێت، کە نرخی خۆراک و پێداویستییەکان لەسەر هاووڵاتییان زیاد دەکەن.
ئومێد خۆشناو، پارێزگارى ههولێر له كۆبوونهوهكهدا ڕایگهیاندووه: “جگە لەو خۆراک و پێداویستیاینەى کە لە ئاستى جیهانى نرخەکانیان گران بووە، ڕێگە بە هیچ کەس نادەین بە هەر بڕ و بیانوویهک بێت یاری بە بازاڕ بکات و نرخی خۆراک و کەلوپەل و پێداویستی لەسەر هاووڵاتییان گران بکات، لێژنەکانى قایمقامیەتى ناوەند و سەرجەم قایمقامیەتەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر لە دوای ئەم کۆبوونەوەیەوە دەبێ تەواوی هەوڵەکانی خۆیان چڕ بکەنەوە بۆ چاودێریکردنی چڕ و وردی بازاڕ و کۆنتڕۆڵی نرخی خۆراک و کەلوپەل و پێداویسییەکان، هەر خاوەن مارکێت، دوکان، كۆگایەک و کەس و لایەنێک سەرپێچی بکات، توندترین ڕێکاری یاسایی لە بەرامبەردا بگرنە بەر”.