سلێمانی لەناو (دەوڵەتەكەی بارزانی)دا دەبێ؟

رێبوار كەریم وەلی
(1)

هەوڵەكانی بارزانی لە یەك دوو ساڵی رابردوودا بۆ بەكردەوە راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان لە كوردستانی باشوور، لەسەرەتادا هێزی دیجلەی مالیكی و دواییش سوپاكەی دەوڵەتی خەلافەتی بەگژدا كرا، ئێران لە هەردووكیاندا رۆڵی پرۆدیوسەری مەیدانیی هەبوو. هەردوو هەوڵەكە شكستیان هێنا و ئێستا ئێران بە شێوازێكی دیكە لەسەر ئاستی ناوخۆیی دەیەوێ لە رێگەی حیزبەكانی سلێمانییەوە، پرسی سەربەخۆیی لەباربەرێت و لەو پێناوەشدا، لەسەر هەموو ئاستێك دژایەتیی ئەو هەنگاوە دەكات.

یەكێتی، گۆڕان و كۆمەڵ بۆ خۆڵكردنە چاوی رای گشتی، پشتیوانی لە (مافی بڕیاردانی چارەنووس) دەكەن و وا پێشان دەدەن كە گوایە ئەوانیش لەگەڵ سەربەخۆیین، بەڵام لە راستیدا، بە كردار و گوفتار نەك هەر لەگەڵ سەربەخۆیی نین، بگرە دژیشی دەوەستن.

پێداگیری لەسەر مافی بڕیاردانی چارەنووس، بەستنەوەی قەدەری میللەتێك بە ریفراندۆمێكەوە كە بەپێی دەستووری وڵاتی بەناو عێراق لە 2003 وە بە كەركوك رەوا بینراوە، بەڵام 14 ساڵە جێبەجێ نەكراوە و، بە زەبری بازووی پێشمەرگە خراوەتەوە ناو سنووری كوردستان نەك بە بڕگە و ماددەی دەستووری.

هەر بەو ئاراستەیەشدا، یەكێتی و گۆڕان كە بڕیاردەری سلێمانی و گەرمیانن، لایەنگرانی خۆیان وا گۆش كردووە كە باسكردن لە مەسەلەی سەربەخۆیی وەك خیانەت پێناسە بكەن! تەنانەت لەسەر ئاستی پەرلەمانتارانیشیان لە بەغدا هەوڵەكانی بارزانی وەكو گورز وەشاندن لە یەكگرتوویی خاكی وڵاتی بەناو عێراق وەسف دەكەن و دژی دەوەستنەوە!

ئینجا سەرباری ئەوەی كە لانیكەم یەكێتی بەشدارە لە حكومەتی هەرێمدا، لەبەرامبەر بوونی پەكەكە لە شنگال هەڵوێستێكی روونی نییە، كە زانیشی هەنگاوەكانی بارزانی بۆ یەكلاكردنەوەی چارەنووسی كوردستانی باشوور لەگەڵ بەغدادا چووەتە ئاستی پێشكەوتوو، بە بیانووی سەیر و سەمەرە، چوو دەستی بەسەر بەشێكی نەوتی باكووردا گرت تا لە ئەگەری راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆدا كە ئەوان لەگەڵی نابن، بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەتەكەی سلێمانی و گەرمیان سەرچاوەی داهاتیان هەبێ و بتوانن بژێویی هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە دابین بكەن. چونكە ئێستا یەكێتی دەیەوێ ئەوە بە خەڵكی سلێمانی بڵێت كە ئەوە ئەوانن سلێمانی دەژیەنن نەك حكومەت!

مادامەكیش دەوڵەتی سەربەخۆ پێناسەكەی (دەوڵەتی بارزانی) بێت، سنوورەكانی ئەو دەوڵەتە شمولی ئەو شوێنانە دەكات كە تا ئێستا بارزانی تێیاندا سەرۆكی هەرێمە.

یەكێتی و گۆڕان زەرەرمەندن
(2)

هەوڵەكان بۆ چارەسەری قەیرانی سیاسی بە بنبەست گەیشتوون، هەر بۆیە بارزانی تاكلایەنە و بێ گەڕانەوە بۆ رای حیزبەكانی دیكە بە تایبەتیش یەكێتی، دەستی بە زەمینەسازی بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی كردووە. بەلای پارتییەوە رەگوڕیشەی ئەو قەیرانەی ئێستا هەیە، هەوڵی لایەنەكانی دیكەیە بۆ پەكخستنی پرۆژەی سەربەخۆیی، نە یەكێتی و نە گۆڕانیش، ئامادە نین بە پارتی بڵێن بۆ پشتیوانیی سەدی سەد لە پرۆژەی سەربەخۆیی، چییان لە پارتی دەوێت!

بە پێچەوانەوە، یاری بە كات دەكەن، بەڵام یارییەكی بێ ئەنجام. چونكە ئەگەر هەڵبژاردن بكرێت، باجی ئەم یارییە دەدەن. شەقامی سلێمانی و گەرمیان بە پێچەوانەی ئەوەی كە یەكێتی و گۆڕان وێنای دەكەن، لە دەسەڵاتی یەكێتی و گۆڕان تووڕەن. وەرەق وا هەڵگەڕاوەتەوە كە ئەوەی لە سلێمانی پێشتر دەنگی بۆ گۆڕان داوە و لەسەریشی نانبڕاو كراوە، ئەمڕۆ گۆڕان بە موسەبیبی ئەو وەزعە بزانێت نەك پارتی.

بۆیە ئەو كاتكوشتنەی ئێستا گۆڕان و یەكێتی دەیكەن، لە قازانجی پارتییە. پارتی رووی دەسەڵاتی ئەوانی لە ناوچەی حوكمڕانیی خۆیاندا ناشیرین كردووە و بەو چەكەی ئەوان جاران لە پارتییان دەدا، لێیان دەداتەوە. ئەگەر بڕیاردەرانی سلێمانی دڵیان بەوە خۆش بكەن كە دەتوانن هەموو دەرفەتێك لەدژی (دەوڵەتەكەی بارزانی) بقۆزنەوە و بیكەن بەكارتی گوشار لە دژی پەیامەكەی، یان تەنانەت لەو ململانێیەدا پەنا بۆ چەك ببەن، ئەوەشیان سەرناگرێت، چونكە هەر بڕیارێكی لەو شێوەیەیان دەیانخاتە ژێر باری بەرپرسیارێتییەك كە تا ئێستا پێیان جێبەجێ نەكراوە و كەمترینیشی دابینكردنی مووچە و گوزەرانی خەڵكەكەیە، ئینجا زیندووكردنەوەی دوو ئیدارەییە لە بەرگی دوو دەوڵەتیدا.

وانەیەك لە كڵچدارئۆغڵووەوە
(3)

پارتی گەلی كۆماری بە سەرۆكایەتی كەمال كڵچدارئۆغڵوو لە توركیا، یەكێكە لە سەرسەختترین ركابەرانی ئاكپارتی و ئەردۆغان. ئەوان رابەرایەتی كەمپینی (نەخێر) دەكەن بۆ ئەو ریفراندۆمە دەستوورییەی كە بڕیارە لە 16ی نیسان بەڕێوە بچێت. لەم چەند رۆژەی دواییدا كە یەكەمجار ئاڵمانیا و دواتریش هۆڵەندا رێگرییان لە وەزیرەكانی حكومەتی ئاكپارتی كرد تا نەتوانن بۆ بەدەستهێنانی دەنگی دەنگدەرانی توركی ئەوروپا میتینگ ساز بكەن، سەرەتا پەرلەمانتاری پارتی گەلی كۆماری دەنیز بایكاڵ، سەردانی خۆی بۆ ئاڵمانیا هەڵوەشاندەوە و دواتریش سەرۆكی حیزبەكە كڵچدار ئۆغڵوو.

سەرباری ئەوەی كە دەنگی دەنگدەرانی تورك رۆڵێكی چارەنووسسازی هەیە لەسەر ئەنجامەكانی ریفراندۆم، بەڵام سەرۆكی حیزبی ئۆپۆزیسیۆن رایگەیاند كە سوكایەتی بە وەزیرەكانی دەوڵەتی توركیا قەبوڵ ناكەن و پڕۆگرامی میتینگەكانی خۆیان هەڵپەسارد! هەموو دنیا دەزانێ كە ئاكپارتی بەرەو ئیستیبدادی سیاسی رۆیشتووە و چ رۆڵێكی گەورە لە ئەستۆی ئۆپۆزیسیۆنە، بەڵام ئەوە رووحی دەوڵەت و رێزگرتنە لە سەروەریی وڵات. چونكە دەزانن ئەوە بەرامبەر وڵاتەكەیان كراوە و ئەو باسە دەبەنە دەرەوەی ململانێی ناوخۆیی كە لە توركیا هەیانە.

ئەدی ئەگەر لای ئێمە روویدابایە؟ هەر رۆژی دواتر جەماعەتی ئۆپۆزیسیۆن دەچوون بە فەرمی سوپاسی ئەو وڵاتەیان دەكرد كە رێگەی نەداوە وەزیرەكەی پارتی سەردانی وڵاتەكەیان بكات و بە دەستكەوتێكی گەورەی دیموكراسی پێناسە دەكرا!

Back to top button