هەنگاوەکان هاوتەریبن لەگەڵ روانگەی نوێی ئەمریکا

راپۆرتی شیكاری: نیاز حاجی 
دوای هەڵبژاردن و چونی تڕامپ بۆ کۆشکی سپی، عيراق و ناوچەکە و جیهان هەنگاو بەرەو قۆناغێکی نوێ دەنێت ، ئەوەش دوای ئەوەی روانگەیەکی نوێ لە ئیدارەی تڕامپ بۆ تێڕوانین لە تیرۆر هاتە ئاراوە ، ئیدارەی نوێی ئەمریکا جیاواز لە ئیدارەی ئۆباما هەڵسوکەوت لەگەڵ دۆسیەی تیرۆر دەکات، نەک هەر جیاواز بەڵکو تەواو پێچەوانە بەشیوەیەک کە ئیدارەی تڕامپ (ئێران) بەسەرچاوەی نائارامی و پاڵپشتیکاری تیرۆریزمی جیهان دەناسێت لەکاتێکدا ئۆباما رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئەو وڵاتە گرێ دەدا .

جەوهەریەی ئەمریکا لە تێروانین بۆ دۆسیەی تیرور
ئەوە گۆڕانکاریە جەوهەریەی ئەمریکا لە تێروانین بۆ دۆسیەی تیرور، وادەخوازێت کە تەواوی وڵاتانی جیهان بە گشتی و بەتایبەت وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و پێکهاتەو گروپەکان بەجۆرێکی تر خۆیان رێکبخەنەوە کە بگونجێت لەگەڵ ئەو روانگە نوێیەی ئیدارەی ئەمریکا. عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە کەوتۆتە چەقی روداوەکان و بەرەی پێشەوەی شەری تیرۆرە و هاوسنورە لەگەڵ ئێران و لەلایەن ئێرانیشەوە داگیرکراوە بۆیە ئەو روانگە نوێیەی ئەمریکا راستەوخۆ عێراق دەکاتە دەسپێک و شوێنی روداو و گۆرانکاریەکان و یەکلاییکردنەوەی ململانێکان، پرۆسەیەکی سیاسی لە عێراق لەدوای ساڵی ۲٠٠۳ەوە تا ئێستا بەردەوامی هەبووە کە لەگەڵ تێپەڕبوونی کات بەرەولاوازی و شکست دەروات ، کرۆکی ئەو پرۆسە سیاسیە، کورد و سوننە و شیعەکان بوون ، لاوازترین رۆڵ لە ناو ئەو پرۆسەسیاسیە پێکهاتەی سوننەکان دەیگێڕن کە هۆکارەکەی بۆ (کەللەرەقی و قبوڵنەکردنی عێراقێک کە خۆیان تێیدا دەسەڵاتدارنەبن، هەروەها گوشارەکانی ئێران بۆسەریان و دەست لەپشتدانی ئێران بۆ شیعەکان بۆ تاکرەوی لەدەسەڵات و بڕوانەبوون بە شەراکەت ) دەگەرێتەوە”.
دەرئەنجام

عێراق گەیشتە قۆناغێک کە داعش تەواوی ناوچە سوننەنشینەکانی داگیرکرد کە بە بەرنامەیەکی گوماناوی تەواوی ژێرخانەکانی ئەو ناوچانەی خاپورکردوو و زۆربەی دانیشتوانەکەی ئاوارەکرد، هەروەها ئێرانیش ناوەراست و بەشی باشوری عێراقی داگیرکرد، ئەگەر بەرهەڵستی بارزانی نەبا ئەوا هەرێمی کوردستانیشی داگیر دەکرد، دوای ئەوەی نوری مالیکی تەواوی پارێزگا سونیەکانی بە پلانێکی گوماناوی رادەستی داعش کرد ، حەیدەر عەبادی لەماوەی دەستبەکاربونیدا هەرچەند لەلایەن هاوپەیمانی نوری مالیکی بەدەوام گرفتی بۆ دوست دەکرا ، بەڵام توانی زۆربەی ئەو پارێزگایانە ئازادبکاتەوە و ئێستا خەریکی تەواوکردنی ئازادکردنی شاری موصلە .

گرفتی بەردەم عەبادی 
گرفتی گەورە لەبەردەم حەیدەرعەبادی تەنها ئازادکردنەوەی ناوچەکانی ژێردەستی داعش نیە بەڵکو گرفتی گەورە لە دوای ئازادکردنەوەی ئەو ناوچانە دەست پێ دەکات ئەویش بە چ جۆر و شێوەیەک ئەو ناوچانە ئاوەدان دەکاتەوە لە کاتێکدا ئێستا عێراق نزیکەی ۱۱٠ ملیار دۆلار قەرزی دەرەکی لەسەرە و لە دۆخێکی دارایی قورسە دایە، زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای صلاح الدین و رومادی، زیاتر لە ساڵێکە ئازادکراون بەڵام دوای ئازادکردن هیچ پرۆسەیەکی ئاوادانکردنەوە و شیاندنەوەی ئەو ناوچانە بۆ ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەی ئەنجام نەدراوە و لەبەر باڵادەستبونی هێزەکانی حەشدی شەعبی رێگری کراوەو نەتوانراوە دانیشتوانەکەی بگەرێنەوە بۆ ئەو ناوچانە.
دۆخی دوای ئازادکردنی موصلیش هەروەک ئەو پارێزگایانەی تر دەبێت و بگرە خراپتریش 
ئەگەر ئەو دۆخەی دوای ئازادکردنی ئەو ناوچانە بەردەوامیان هەبێت ئەوا لە ئایندەدا مەترسی گەرانەوەی داعش یان دروستبوونی رێکخستنی مەترسیدارتر لە داعش بەردەوامی دەبێ .وەک لەسەرەوە باسمانكرد، دوای هاتنی تڕامپ پێویست دەکات کورد و سوننە و شیعە وەک پێکهاتە و حەیدەرعەبادیش وەک حکومەت بەجۆرێکی تر و جیاواز لە پێشتر خۆیان رێکبخەنەوە ، کۆنگرەی سوننەکان لە تورکیا لەسەرەتای ئەم مانگەدا دەچێتە ئەو چوارچێوەیەوە .
دوای هاتنی تڕامپ ، روانگەی نوێی ئەمریکا وا دەخوازێت کە :
1. سوننەکان کۆبکرێنەوە و جیاوازیەکانیان بەلاوە نێن ، هەر بۆیەشە تورکیا و ئەردەن و سعودیە و قەتەڕ و بەحرێن و ئیمارات و کوێت بەجدی هاتنە سەرهێڵ و گوشاریان خستە سەر سەرکردەکانی سوننە کە لە تورکیا کۆببنەوە و لەسەر شێوازێک رێکبکەون بۆ قۆناغی دوای ئازادکردنی موصڵ تا دەرفەتی گەڕانەوەی جارێکی تر بۆ داعش نەرەخسێتەوە.
2. هێزەکانی لە عێراق زیاد بکات و بنکەی سەربازی نوێ بکاتەوە.
3. دەبێت گوشار لەسەر حەیدەرعەبادی دروست بکرێت تا لە بەرەی ئێران دوربکەوێتەوە، ئەگەر حەیدەر عەبادی ئەو کارەی ئەنجام دا ئەوا پێویستە پشتگیریبکرێت ، بۆ هاندانی زیاتری حەیدەرعەبادی، وەزیری دەرەوەی سعودیە عادل الجبیر سەردانی عێراقی کرد ، دوای ئەوە ئەمریکا وەک پاداشتێک عێراقی لە لیستی حەوت وڵاتەکە دەرهێنا و داوەتی عەبادی کرد بۆ کۆشکی شپی کە هاوکات لەگەڵ ئەو سەردانەی حەیدەرعەبادی، جێگری پاشای سعودیە و وەزیری بەرگری سعودیە سەردانی واشنتۆن دەکەن و هەردوو لەگەڵ تڕامپ کۆدەبنەوە ، هەروەها بریارە دوای گەرانەوەی حەیدەرعەبادی ، وەفدێکی باڵاتری سعودیە سەردانی بەغدا بکات.
4. نابێ ئەوەمان لەبیربچێت کە بارزانی لە مانگی ۸ی پارساڵەوە بەو ئاراستەیە کاردەکات سەبارەت بە پشتگیری کردنی عەبادی ، هەر بۆیە لە کۆتای مانگی ۸ ی۲٠۱٦ و دواتر، چەند سەردانێکی گرنگ و باڵای بۆ بەغدا ئەنجام دا.
سەبارەت بە کۆنگرەی سوننەکان لە تورکیا ، حەیدەر عەبادی هیچ هەڵوێستێکی نەرێنی لەسەر دەرنەبڕی ، ئەوە مانای ئەوە دەگەیەنێت کە پێشتررەزامەندی ئەویشی لەسەر وەرگیراوە ، ئەو کۆنگرەیەی سونەکانیش دواجار دەچیتە خزمەتی ئەو ئاراستەیەی کە پێگەی عەبادی لە دژی ئێران و مالیکی پێ بەهێز دەبێت”.
رەوتی صەدریش هاوشێوەی عەبادی هیچ هەلوێستێکی نەرێنی وەرنەگرت تەنها ئەوانەی دژی وەستانەوە کوتلەی نوری مالیکی بوو.
تا چەند دەرفەتی سەرکەوتن لەبەردەم کۆنگرەی سوننەکانە ؟
لە ۱٤ ساڵی رابردودا زیاتر لە ۱٠ جار بە شێوازی جۆراوجۆر هەوڵدراوە سونەکان کۆبکرێنەوە ، تەواوی ئەو هەوڵانە شکستیان هێناوە ، لەم کۆنگرەیەی ئێستاشدا هەمان جۆری سەرکردەی دژ بەیەک و ئاراستەی جیاواز هاوشێوەی کۆنگرەکانی پێشوو لە سوننەکان بەشداریان کردوە بەڵام جیاوازیەکەی لەوەدایە کە کات و دۆخی ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانی لە ئێستادا تەواو جیاوازە لە کات و دۆخی ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانی کۆنگرەکانی پێشوو ، ئیدارەی ئەمریکا جیاوازتر لە جاران لە ناوچەکە دەروانێت و بە ئاراستەی پێچەوانە لە پێشتر کاردەکات .
کۆنگرەکەی ئەمجارەی سوننەکان بەخێرای ئەنجام دراو بە بێدەنگی تێپەڕی ، هیچ بەیاننامەیەک دوای تەواوبوونی رانەگەیەنرا ، تاریق هاشمی بەشداری تێدا نەکرد بۆ ئەوەی شیعەکانی دژ بە حەیدەر عەبادی ئەو بەشداری کردنەی ناوبرا لە دژی حەیدەر عەبادی نەکەنە دەرفەت ، ئەوە مانای ئەوە دەگەیەنێت کە ئەمجارە سوننەکان جدیتر لە جاران خۆیان ئامادە دەکەن بۆ قوناغی ئایندەی دوای شەری موصڵ .
دوای گەرانەوەی حەیدەرعەبادی لە کۆشکی سپی هەنگاوی کرداری زیاتر دەبینین کە تەواوی ئەو هەنگاوانە لە خزمەتی ئاراستەی سیاسەتی نوێ ئەمریکایە لە عێراق و ناوچەکە کە ئامانن لێی گەرانەوەی هاوسەنگی و دەست و پێ بڕینی ئێران و میلیشیاکانێتی لە ناوچەکەدا .
ئێران بۆ دژایەتی کردنی ئەو ئاراستەیە ، هەوڵی تێکەڵکردنی کارتەکان دەدات ، لە رێی پەکەکە و چەند هێزێکی ترەوە هەوڵی نانەوەی شەر دەدات لە کوردستان ، لە بەغداش سەرەرای زیاتر ئاڵۆزکردنی دۆخی ئەمنی ، گوشارەکانی لە رێی مالیکیەوە بۆ سەرعەبادی زیاتر دەکات ، بریاری پاشەکشەکردنی چەکدارەکانی داعش لەلایەن ئەبوبەکر بەغدادیەوە دەچێتە خزمەتی ئەو بەرنامەیەی ئێران تا ئاگری شەری نێوان پێکهاتەکان خۆشتر بکات .

Back to top button