فەلاح مستەفا: نوێنەری هەرێمی کوردستان بەشداری کۆنگرەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکات
خواکوڕک
پرسی رووبەروو بونەوەی تیرۆر لە ئێستادا زۆرترین قسەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لەبارەیەوە دەکرێت، پێشمەرگە وەک هەرەکاریگەرترین هێزی دونیا لەڕووبەروو تیرۆر بەتایبەت داعش چاوی لێدەکرێت، لەزۆرترین کۆنگرەو کۆبوونەوەی پەیوەست بە ئاسایشی جیهان و لەناوبردنی تیرۆر بانگهێشت دەکرێت، هەر لەم چوارچێوەیە بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، نوێنەری فەرمیی هەرێمی کوردستان، بەشداری لە کۆنگرەی نوێنەرانی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی لەدژی داعش دەکات.
فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ” ئەمساڵ بۆ یەکەمجار، نوێنەری هەرێمی کوردستان بە فەرمی لە کۆنگرەی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش بەشداری دەکات، ئەمەش دوای ئەوەهات کە ساڵی ڕابردوو هەرێمی کوردستان گازاندەی بەرامبەر بە بەشدارینەکردنی کورد لە کۆنگرەکە دەربڕی، “.
هەروەها بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی:” کە فواد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان دەکات و وتارێکیش بە فەرمی لەبارەی شەڕی داعش و دوای داعش پێشکەش دەکرێت.
هەروەها ئەوەشی گوت کە: رۆژی 22\3\2017، لە واشنتۆنی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، نوێنەرانی باڵای 68 وڵاتی ئەندام لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ، کۆببنەوە کە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەرپەرشتی کۆنگرەکە دەکات و پرسی کاری سیاسی بە مەبەستی زەمینەسازی بۆ سەقامگیری لە عێراق و سووریا و تێکشکاندنی دوو سەرەکیترین پێگەکانی داعش لە عێراق (مووسڵ) و سووریا (ڕەقە) تاوتوێ دەکرێت، لەگەڵ باسکردن لە چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە ڕێگەی تۆڕەکانی ئینتەرنێت کە داعش بۆ خەڵەتاندنی خەڵکی بۆ چوونە نێو ڕیزەکانی بەکاریان دەهێنێت. لەمبارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرای کردووە، بڕیاریشە لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا گرووپێکی کارکردن پێک بهێندرێت کە نوێنەرانی سەربازیی سەرجەم وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتییەکە لەخۆ دەگرێت، تاوەکوو بڕیارەکانی کۆنگرەکە جێبەجێ بکەن